وەزیری پێشمەرگە خاڵە سنووریەكانی هەرێمی لەزومار بەسەركردەوە
وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەك خاڵە سنووریەكانی هەرێم بەرووی ئاوارە بووان وكوردانی سوریا دانەخراوە و هیچ تەڵەبەند و رێگرییەكیش لەگەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارە بووان نەكراوە و ناكرێت.
ئەمڕۆ 8/1/2013 ( شێخ جعفر شێخ مستەفا) وەزیری پێشمەرگە، بەیاوەری فەریق ( جەمال محمد عمر) سەرۆكی ئەركان و ژمارەیەك لەبەرپرسانی وەزارەت, سەردانی خاڵە سنوریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سوریایان لەناوچەی زومار كرد.
لەو سەردانە مەیدانیەدا وەزیری پێشمەرگە, لەنزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی خاڵە سنوریەكان بوو، دواتر بارەگای لیواكانی 4, 8 ,12 و یەكە و ناوەندە سەرەكییەكانی ئەو لیوانەی بەسەركردەوە.
دواتر لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی ناوچەكە كۆبۆوە و بەووردی تاوتوێی رەوشی ئەمنی گوزەرانی پێشمەرگە كرا.
لەوكۆبونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە ئامانجی هاتنی شاندەكەی وەزارەتی روونكرەوەو رایگەیاند: دەمانەوێت لەنزیكەوە و بەتەواوەتی لەرەوش و چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئەرك و رۆڵی پێشمەرگەكان و یەكە سەربازیەكانمان لەو خاڵە سنووریانە ئاگاداربین.
لەكۆتایی كۆبونەوەكەشدا وەزیری پێشمەرگە، ووتی: لێرەوە بەخەڵكی كوردستان و رای گشتی رایدەگەینین, كە بەهیچ شێوەیەك خاڵە سنوورییەكانی هەرێم بەرووی ئاوارەبووانی سوریا دانەخراوەو هیچ تەڵبەندێك بۆ ئەو مەبەستە نەكراوە، هەروەك رێگری نەكراوە لەچوونی هاوكاری و كۆمەك بۆ كوردان و ئاوارەبووانی سوریا




