حاجی ئۆمەران.. بەفر ماوەی سێ رۆژە ئاڵو گۆڕی بازرگانی و گەشتیاری نێوان كوردستان و ئێرانی وەستاندوە

حابی ئۆمەران- تایبەت بە kdp.info/ لەبەر بەردەوامی بەفر بارین لە ناوچەکەو داپۆشینی رێگای گشتی هاملتۆن لە نێوان چۆمان _ حاجی ئۆمەران، ماوەی سێ رۆژە بزاوتە بازرگانی و گەشتیارییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران پەكیان كەوتووە.
لەم بارەیەوە مەسعود ئەحمەد سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە kdp.info راگەیاند: لەگەڵ بەردەوامبوونی تیمەكانی راماڵینی بەفر، سەر بەرێگاوبانی هەولێر و راماڵینی زیاتر لە (110سم) بەفر لە سەر رێگا، بهڵام لەبەر بەردەوامبوونی بەفربارین، تیمەكان فریای راماڵینی بەفر ناكەون، هەروەها رانەماڵینی بەفری نێوان دەروازەی تەمەرچینی ئێران تا خانێی رۆژهەڵات لە لایەن تیمەكانی راماڵینی بەفری ئێران، ماوەی سێ رۆژە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاموشۆی گەشتیاری لە سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین وەستاوە.
لە لایەكی دیكەوە لەبەر بەردەوامبوونی ئەو شەپۆلەی بەفربارین، رێگای دەیان گوند و ئاوایی لە دەڤەری باڵەكایەتی هاموشۆی ئۆتۆمبێلی تێدا پچڕاوەو گوندنشینان داواكارن لە لایەن تیمەكانی رێگاوبانەوە رێگاكانیان لە بەفر رابماڵدرێت.




