حكوومەتی توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتنە رێككەوتنێكی سەرەتایی

توركیا – تایبەت بە kdp.info/حكوومەتی توركیا و سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتونەتە رێككەوتنی سەرەتایی، تەلەفزیۆنی ئێن تیڤی و رۆژنامەی رادیكالی توركیا، بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی هەواڵەكەیان رایانگەیاند: گفتوگۆكانی حكوومەتی توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەركردەی (پەكەكە) لە بەندیخانەی ئیمراڵی توركیا گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەشێوەیەك لەبەرامبەر دەستكردن بە پێدانی مافی گەلی كورد لەلایەن حكوومەتی توركیاوە، چەكدارانی پەكەكە لە مانگی ئاداری داهاتوو كردەی سەربازیان هەڵدەپەسێرن، ئەو دانووستانە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بەڕێوەبەری میتی توركیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەندیخانە گفتوگۆ دەكەن، بەپێی رێككەوتنەكە دوای بەرەوپێشوەچوونی دانووستانەكان، بەشێوەیەكی فەرمیی پەكەكە كردە سەربازییەكانی رادەگرێت و پاشان بۆ سنوورەكانی كوردستانی عێراق بەتەواوی پاشەكشە دەكات، دوای ئەوە حكوومەتی توركیا گشت ئەندامانی سەر بە پەكەكە لە بەندیخانەكانی ئازاد دەكات و كۆمەڵێك چاكسازی دیكەی تایبەت بە ناسنامەی كورد لە توركیا دەكات، بەپێی هەواڵەكەی كەناڵی ئین تیفی، لەمەو دوا ئۆجەللان دەتوانێ لەرێگای نامەوە، راو بۆچوونەكانی بە ئاشكرا بە خەڵكی توركیا و لایەنگرانی بگەینێ، شایەنی باسە سەركردەی پارتی كرێكارنی كوردستان ( پەكەكە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999 لە بەندیخانەی دوورگەی ئیمراڵی توركیا تا ئێستا بەندكراوە.




