هەماهەنگی لە نێوان ئەنجوومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان و دەزگای هاوڕێیانی نەتەوە یەكگرتووەكان
هەولێر - تایبەت بە kdp.info/ بەمەبەستی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان ئەنجوومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان و دەزگای هاوڕێیانی نەتەوە یەكگرتووەكان، شاندێكی ئەو دەزگایە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لەلایەن كاكە ئەحمەد جەمیل رێكخەری ئەنجوومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان (IKNN) و ئەندامانی ئەنجوومەنەوە لە ئۆفیسی ئەنجوومەنی رێكخراوە ناحكومییەكان لە هەولێر پێشوازی لێكرا.
فوئاد فەلیح حەسەن سەرۆكی دەزگای هاوڕێیانی نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی رەوشی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان، هاوكاری ئەنجوومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان و رێكخراوە مەدەنییەكانی دیكەی بە پێویست زانی بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها پێشنیاریكرد پرۆگرامێكی هاوبەش دابنرێت بۆ كاری هاوبەش لە نێوان رێكخراوە مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
بڕیاریش وایە پرۆتۆكۆڵێكی هاوبەش لە نێوان هەردوولا واژۆ بكرێت بۆ پەرەپێدانی كاری هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.
دلێر ئیبراهیم




