پێناچێت تاوەكو مانگێكی دیكەش پەرلەمانی كوردستان دانیشتن لەبارەی بودجە ئەنجام بدات

هەولێر – تایبەت بە kdp.info/ هەرچەندە دوای ئەنجامدانی یەكەمین دانیشتن لەبارەی بودجەی ساڵی 2013 ی پەرلەمانی كوردستان سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوەی 15 رۆژی داوەتە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی راپۆرتی لیژنەكان ئامادە بكەن، بەڵام ئەندامێكی پەرلەمان دەڵێت پێناچێت تاوەكو مانگێكی دیكەش پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی لەبارەی بودجەوە ئەنجام بدات.
سەمیرە عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی كوردستانی تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: ئێستا سەرجەم لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتن لەبارەی بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پێشكەشی لیژنەی دارایی بكەن و دواتر لە پەرلەمان خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان بكات.
گوتیشی : لەكۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردوو دوای ئەنجامدانی یەكەم دانیشتن لەبارەی بودجەی 2013، سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوەی 15رۆژی بە ئەندامانی پەرلەماندا بۆ ئەوەی لە رێگەی لیژنەكانەوە راپۆرت ئامادە بكەن و دواتر پێشكەشی وەزارەتی دارای بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا لیژنەكان سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتن و دوای ئەوەش زیاتر لە هەفتەیەك راپۆرتەكان لای لیژنەی دارایی دەمێنێتەوە ئینجا پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی لەبارەی پرۆژە یاساكەوە ئەنجام دەدات، بەوپێیەش بێت تاوەكو سەرەتای مانگی 2 ی ئەمساڵ ئەم دانیشتنە ئەنجام نادرێت هەرچەندە تاوەكو ئێستا وادەكەی دیار نییە.
بڕوا بەرزنجی




