هەولێر.. 355 گەشتیار كە هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز بوونە رەوانەی وڵاتی خۆیان كراونەتەوە

هەولێر – تایبەت بە kdp.info/
355 گەشتیار كە هەڵگری فایرۆسی ئایدز بوونە، دوای گەیشتنیان بۆ هەولێر، رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە بۆ هەریەكە لە بەڕێوەبەرانی پاسپۆرت و ناسنامەی شارستانی و نشینگەی هەولێر رێكخرابوو: تێیدا ئامار و كارو چاڵاكی بەڕێوەبەرایەتییەكانیان خستبووەڕوو، لەكۆنگرەكەدا، بەڕێوەبەری ناسنامەی رەگەزنامەی هەولێر موئەید مستەفا رایگەیاند: لە ساڵی 2012 دا 58000 هەزار ناسنامەی تازەی لەدایكبوونمان تۆماركردووە و 19000 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری پێكهاتووە و 1558 حاڵەتی جیابوونەوەی خێزانیشمان تۆماركردووە، 1800 حاڵەتی مردنیش هەبووە، هەروەها بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر دیدار عومەر قادر رایگەیاند: 166000 هەزار پاسپۆرت لەساڵی 2012 لە هەولێر بۆ هاووڵاتیان دەرچووە و بەشێكی تا ئیسَتا وەرنەگیراونەتەوە، لای خۆشییەوە بەڕێوەبەری نیشنگەی هەولێر شێخ یادگار رایگەیاند: لەساڵی 2012 دا لە رێگای فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر 439 گەشتیاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، دوای پشكنینی تەندروستی بۆ گشتیان، دەركەوت كە لەنێویاندا 355 گەشتیار هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز بوونە و دواتر دەستبەجێ رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە.




