پارلەمانتارێكی كورد لە توركیا خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری دەپاڵێوێت
__2013_01_09_h10m2s14__GH.jpg)
تایبەت بە kdp.info/ پارلەمانتاری پارێزگای دەرسیمی باكوری كوردستان لە پارلەمانی توركیا ئەمڕۆ لە ئانكارا رایگەیاند كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی توركیا پاڵیوراو كردووە و بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات.
قەمەر گەنج كە ئێستا سەر بە پارتی كۆماری گەل جەهەپەیە لە لێدوانەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوە كرد كە كاتێك سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا عەبدوڵلا گول و سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان هیچان لە سیاسەت نەدەزانی من خاوەن 40 ساڵ ئەزموونی سیاسی بووم و پسپۆڕی بواری ئیداری و مافناسێكی ناودارم.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرۆكی پارتی كۆماری گەل كەمال قڵێجدارئۆغڵۆیشی لەم مەسەلەیە ئاگادار كردووەتەوە و پێڕاگەیاندووە كە نابێت پارتی كۆماری گەل هیچ پاڵێوراوێكی دیكەی بێجگە لە من دەستنیشان بكات.
جێگای ئاماژە پێدانە كە قەمەر گەنج كوردێكی عەلەوی خەڵكی دەرسیمی باكوری كوردستانە و تەمەنی 72 ساڵە و تا ئێستا 5 جار وەكو پارلەمانتەری نوێنەری كوردە زازا و عەلەوییەكان هەڵبژێردراوە. ناوبراو هیچ پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پارتە كوردییەكان وەكو بەدەپە، هاكپار و هوداپار و ئەوانی دیكە نییە و هاوكات پارتی دەسەڵاتی توركیایش بە هۆی هەڵوێستە كەمالیستییەكانییەوە زۆر رەقی لێیە و یەكجاریش بە بیانووی پەیوەندی جنسی نایاسایی لەگەڵ ژنێكی توركدا ناوی دەرچووە بەڵام بەهۆی مافی حەسانە دادگایی نەكراوە.




