Kdp.info ناوەڕۆك و هۆكاری گرژییەكانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڵاودەكاتەوە

تایبەت بە kdp.info/ لەمیانەی دانیشتنێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دەمەقاڵی و گرژی كەوتە نێوان ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان، بەتایبەتی لایەنی سەدر و دەوڵەتی یاسا، kdp.info لەسەر زاری ئەندامێكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زانیارییەكان لەبارەی ناوەڕۆك و هۆكارەكانی ئەو دەمەقاڵی و گرژییە بڵاودەكاتەوە.
شوان محمد تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستان تایبەت بۆkdp.info سەبارەت بە ناوەڕۆكی ئەو گرژی و دەمەقاڵیەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق روویدا گوتی: ئەو گرژیەی ئەمڕۆ لەپەرلەمانی عێراق روویدا شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، چونكە ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەكرد كە ئەو حاڵەتە لەلایەن ئەندامانی لیستی دەوڵەتی یاسا رووبدات، لەبەرئەوەی دوای پاشەكشەكردنیان لە دانیشتنی نائاسایی دوو رۆژ لەمەوبەر هەستمان دەكرد كە ناوە ناوە تۆمەتی نابەجێیان بۆ پەرلەمان دروستكرد، كاتێكیش پەرلەمان بووە ئامانج ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت بابەتەكە لایەنی دیموكراتی دەگرێتەوە و هەوڵیان دەدا سەر لەبەری لایەنە سیاسییەكان تۆمەتبار بكەن، هۆكارێكی دیكەی چاوەڕوانكراوی ئەو گرژیانەی ئەمڕۆ روویاندا بریتییە لەوەی خشتەی بەرنامەی كاری ئەمڕۆی پەرلەمان لە كۆمەڵێك بابەت پێكهاتبوو كە لەلایەن دەوڵەتی یاسا بەهەموو شێوەیەك رەتدەكرێنەوە.
ناوبراو سەبارەت بە بابەتەكانی بەرنامەی ئەمڕۆی كاری پەرلەمان گوتی: یەكەم بابەت كە پێویست بوو ئەمڕۆ گفتوگۆی لەبارەیەوە بكەین بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای (دادگای ئیتحادی)، بابەتێكی تری بەرنامەی كار بریتی بوو لەو لیژنەیەی كە بۆ لێكۆڵینەوەی بابەتی چەكی نێوان عێراق و روسیا وابڕیار بوو راپۆرتی خۆی بخوێنێتەوە، بەڵام دەوڵەتی یاسا حەزی بە خوێندنەوەی ئەو راپۆرتە نەدەكرد، چونكە زۆرینەی ئەو ناوانەی لەو راپۆرتەدا هاتوون سەر بەلایەنەكانی دەوڵەتی یاسا بوون، بابەتی سێیەم بریتی بوو لە پێشنیاری دیاریكردنی ویلایەتی هەرسێ سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بخرێتە بەر باس، ئەم هۆكارانە وایكرد كە دەوڵەتی یاسا نیگەران بێت و تووشی هیستریا بێت، بۆیە ئەمڕۆ ئەو كێشەیان لە پەرلەمان دروستكرد تا پەرلەمان نەتوانێت كاری خۆی بكات .
ناوبراو گوتیشی: دەمەقاڵیەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان زیاتر لە سەر لایەنی سەدر و دەوڵەتی یاسا بوو، بەڵام بەڕای من دەمەقاڵی و گرژی لەناو پەرلەمان رووبدات باشترە لەوەی گرژییەكان بگوازرێنەوە شەقام و هەر لایەنەو جەماوەری خۆی كۆبكاتەوە بۆ خۆپیشاندان، چونكە ئەمەیان دەبێتە هۆی شەڕی تایفی لە عێراق و گرفتی گەورەی لێدەكەوێتەوە.
بڕوا بەرزنجی




