٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەمانگی 3 ی ئەمساڵ بەدواوە كەلوپەلی خراپی توركی لەهەرێمی كوردستان نامێنێت

سەرچاوە: KDP.info

تایبەت بە kdp.info / حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی دەستەی پێوانەسازی و كوالێتی كۆنتڕۆڵی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی ئابووری حكوومەتی توركیا رێكەوتووە بۆ ئەوەی هاوكاریان بكەن لە رێگەگرتن بە هاوردەكردنی كاڵا و كەلوپەلی خراپ و كوالێتی نزم بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو رێككەوتنە لە مانگی 3 ی ئەمساڵەوە كارا دەكرێت.

 د. موئەیەد عەبدولرەحمان سەرۆكی دەستەی پێوانەسازی و كوالێتی كۆنتڕۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ kdp.infoگوتی: ماوەیەكە پەیوەندیمان راستەوخۆ لەگەڵ حكوومەتی توركیا هەیە و لەماوەی رابردوو سەردانی پایەتەختی وڵاتی توركیامان كرد، دواتریش شاندێكی ئابووری و بازرگانی حكوومەتی توركیا هاتن بۆ هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامدا ئێمە بەئاشكرا پێمانگوتن كە زۆر ناڕازین لە خراپی ئەو كاڵایانەی كە لە وڵاتی توركیاوە دەنێردرێتە هەرێمی كوردستان و نموونەی زیندووشمان پێشكەشكردن، لە ئەنجامدا هەڵوێستێكی فەرمیمان لە وەزارەتی ئابووری توركیا وەرگرت كە سەرپەرشتی هەموو هەناردەیەكی وڵاتەكەیان دەكەن .

 ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: حكوومەتی توركیا رازیبوونە لەسەر ئەوەی بەهەموو شێوەیەك رێگربن لە هاوردەكردنی كاڵای خراپ بۆ هەرێمی كوردستان و بەپێی رێككەوتنەكان لەمە بەدواوە هەر كۆمپانیایەكی توركی سەرپێچی بكات ناوەكەی دەدەین بە وەزارەتی ئابووری توركی و ئەوان لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكەن، ئەمە تەنها بۆ كاڵا بووە، بەڵام بۆ خۆراك نەمانتوانی وەها بەپەلە هەڵوێستیان لێوەربگرین و ئەوان داوای سێ مانگ مۆڵەتیان لێكردین و ئێمەش بەوە رازیبووین، رێككەوتین كە لەمەودوا ئەوان سكاڵای ئێمە بۆ كاڵا وەربگرن و دوای سێ مانگی دیكەش كۆنتڕۆڵی هاتنی خۆراكی خراپیش بكەن بۆ هەرێمی كوردستان.

 

 بڕوا بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار