پێشانگە بیناسازییەکان نەیانتوانیوە سیستەمی بیناسازیی هەرێم لە چەقبەستوویی بهێننە دەرەوە

ڕۆژی پێنجشهممه کۆتایی بە پێنجەم پێشانگەی نیودەوڵەتیی بیناسازی هەولێر هات کە 20 وڵاتی جیهان تێیدا بەشدارییان کرد و نوێترین ئامێرەکانی بیناسازییان خستە ڕوو.
بەڵام یەکیەتیی بەڵێندەران پێیان وایە هاتنی ئەو کۆمپانیایانە نەیتوانیوە بیناسازیی هەرێم لە حاڵەتی کلاسیک بهێنێتە دەرەوە.
لە بەردەم یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە لە تورکیاوە هاتبوو، کۆمەڵیک هاووڵاتی ڕاوەستابوون و لەسەر چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لەو کەرەسانەی کە بۆ جوانکاریی ماڵ بەکار دەهاتن، لە مشتومڕ دابوون.
ئامێرەکە نوێ بوو کە بۆ ڕازاندنەوەی سەقف بەکار دەهات و دەیتوانی جوانیی بیناکان لە رووخسارەوە بۆ ناخ بگۆڕێت.
جوانکاریی بیناسازی
لە کوردستاندا هێشتا بیناکان هەر بە شێوەی کلاسیک دروست دەکرێن و کەمتر گرنگی بە جوانکاری دەدرێت.
بوونی پێشانگەی لەم جۆرە ئەگەر بەو واتایە لێک بدرێتەوە کە سیستەمی بیناسازی لە گۆڕانکاریدایە و پشت بە تەکنەلۆژیا و کەرەستەی جوانکاریی نوێ دەبەستێت، ئەوا لە لایەکی دیکەوە گرانبوونی کەرەستەکان تەنیا سەرمایەدارەکانی لە دەوری کەرەستەکان کۆ کردووەتەوە.
(ئامانج ئەکرەم)ـی هاووڵاتی کە لەم پێشانگەیەدا دەسووڕایەوە، پێشانگەکەی بەو مارکێتە نوێیانە چوواند کە جلوبەرگی مارکە دەفرۆشن و تەنیا سەرنجی کەسانی دەوڵەمەند و سەرمایەدار بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن.
ئەگەر مەتری جامی ئاسایی بە چەند هەزار دینارێک بێت، ئەوا لەم سیستەمە نوێیەدا مەتری جام بە هەزار و 500 دۆلارە، چونکە بە کلیلی کارەبای 12 ڤۆڵتی، جامەکان تاریك و ڕوون دەکرێن.
جگە لەمە هەر لە پێشانگەکەدا ئامێرێک خرابووە ڕوو کە پێوەندی بە جوانکاریی دیوار و جام و سەقفی خانووەکانەوە هەبوو. ئەو وەرەقەیەکی پلاستێکی تایبەت بە نەخشاندنی سەقف بوو بە دیمەنی سرووشتی و ئەگەر بە هەر دوو دەست ڕاکێشرابا، نەدەدڕا.
جۆری پلاستیکەکەیش بە گڵۆپی تایبەتی رووناكیی وەردەگرت و خاوەنی ماڵ دەیتوانی بە کۆنتڕۆڵ رووناكیی سەقفەکە بە حەزی خۆی رێک بخات و ناو ماڵەکەی بە تابلۆی جوان بنەخشێنێت.
نوێنەری یەکیەتیی بەڵێندەرانی کوردستان لەم پێشانگەیەدا، ڕەخنەی لەوە گرت کە تا ئێستا بەڵێندەر و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێم بە شێوەی سوننەتی و کلاسیک کار دەکەن و نەیانتوانیوە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیستەمی بیناسازیی هەرێمدا بهێننە کایەوە.
دەربازبوون لە کەرەستە کلاسیکەکان
تا کوو ئێستایش بلۆک کە بە بۆچوونی پسپۆڕ و شارەزایانی بیناسازی بە نەگونجاوترین کەرەستەی بیناسازی لە قەڵەم دەدرێت، کەرەستەی سەرەکیی سیستەمی بیناسازیی هەرێم پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا لەم پێشانگەیەدا جۆری پێشکەوتووتری بلۆک خرابووە ڕوو.
بلۆکەکە لە پێکهاتەی بەردی گڕکانەکان پێک هاتبوو و کێشی چەند هێندەی کێشی بلۆکی ئاسایی سووکتر بوو و بە گوتەی نوێنەری کۆمپانیاکە کە لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کورستانەوە هاتبوو، ئەم بلۆکە جگە لە سووکی، دەتوانێت ڕێگری لە سەرما و گەرما بکات بە هۆی ئەو درزە هەواییانەی کە لە ناو بکلۆکەکەدا دروست بووە.
جووتی ئەم بلۆکە نزیکەی 1700 دینارە و ئەگەر کارگەکانی بلۆکی هەرێم گڵەکە هاوردە بکەن یان هاوشێوەکەی لەم دیوەی کوردستان بدۆزنەوە، ئەوا لە سەریان زۆر هەرزانتر دەوەستێت و تەکانێکیش بە بیناسازیی هەرێم دەدەن.
پڕۆفایل
وڵاتە بەشداربووەکانی پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر:
- بەریتانیا، ئەمەریكا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سوید، سووریا، لوبنان، ئیمارات، ئووردن، عێراق، توركیا، هیند، چین، كەنەدا، بولگاریا، ئێران، بەلجیكا.
- نزیکەی 50%ـی بەشداربووەکانی ئەم پێشانگەیە، هیی وڵاتی تورکیا بوون و ئەمەیش دەستی باڵای تورکیا لە بیناسازیی هەرێمدا دەردەخات.




