"ئیكسۆن مۆبیل" له كارهكانی له ههرێمی كوردستاندا بهردهوامه

پاش ئەوەى وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كارەكانی لە كوردستاندا هەڵپەساردووه، وەزیرى سامانە سرووشتییەكانى هەرێم جەختى كرد كه كۆمپانیاكه لە كارەكانى خۆى لە كوردستان بەردەوامە.
وەزیری نەوتی عێراق (عەبدولكەریم لوعێبی) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ژمارەى ئەمڕۆى رۆژنامەی "سەباح" عێراقی رای گەیاندووە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل ئاگاداری كردینەوە كە كارەكانی لە هەرێمی كوردستان هەڵدەپەسێرێ تا ئەوكاتەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا چارەسەر دەبن.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەیش كرد راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە پێش ئەوەی زیان بە هاووڵاتییانی عەرەب بگەیەنێ، زیان بە هاووڵاتییانی كورد دەگەیەنێ ، ئاماژەى بەوەیش دا حكوومەتی هەرێم نەوت بە نرخێكی كەم دەفرۆشێ.
لەبەرامبەردا وەزیری سامانە سرووشتیەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (ئاشتی هەورامی) بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاندووه: "كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل بەردەوامە لەكارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان، بەهیچ شێوەیەك كارەكانی ڕانەگرتووە".
هەروەها گوتى "حكوومەتی عێراق چەندان جارە ئەو قسانە دەكا، لەكاتێكدا ئیكسۆن مۆبیل تا ئێستە كارەكانی ڕانەگرتوو"ە.
(هەورامى) گوتى "هەرێمی كوردستان یەك لیتر نەوتی خاوی بە تانكەر هەنادرەی دەرەوەی هەرێم نەكردووە، ئەوەی باس دەكرێت لە راستییەوە دوورە".
لە نیسانی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری وەستانی هەناردەكردنی نەوتیدا بۆ دەرەوە، بەهۆی ئەوەی بەغدا ئامادەنەبوو پاداشتی ئەو كۆمپانیا نەوتییە بیانییانە بدات كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمەریكی كە بە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی نەوت دادەنرێ لە جیهاندا، لە چارەكى كۆتاى ساڵى رابردوو شەش گرێبەستی نەوتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئیمزا كرد، ئەوەیش ناڕەزایى توندى بەغداى لێكەوتەوە، كە جەخ لەوە دەكا ئیمزاكردنى ئەو ۆرە گرێبەستانە لە دەسەڵاتە تایبەتەكانى حكوومەتى ناوەندە.
كۆمپانیاكە جگە لە هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیشدا هەیە بۆ گەشەپێدانی كێڵگەی نەوتی قورنەی باشووری عێراق.




