راگرتنى ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەشتی ئاسمانی لە ئێران بە هۆی نەبوونی سوتەمەنی

تایبەت بە kdp.info/ سەرۆكی كۆمپانیاكانی فرۆكەوانی ئێران عەبدولرەزا مووسەوی رایگەیاند كە بە هۆی نەدانی سوتەمەنی لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە بەو كۆمپانیانەی كە قەرزاری وەزارەت بوونە، ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیا فرۆكەوانییەكانی ئێران هەڵوەشێندراونەتەوە.
مووسەوی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمە دوو رۆژە تەنیا گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای ئیران ئەیر هەڵنەوەشێندراونەتەوە و بەڵام گەشتی ئاسمانی زۆربەی هەرە زۆری كۆمپانیا ئەهلییەكان بە هۆی قەرزار بوونیان بە وەزارەتی نەوتی ئێران و نەدانی سووتەمەنی لە لایەن وەزارەتی ناوبراوەوە هەڵوەشێندراونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە دوو رۆژ پێشتر وەزارەتی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران بە نامەیەكی رەسمی ئاگاداری كردوونەوە كە لەمەو بەدواوە بەشە سووتەمەنی فرۆكەكان لە بەرامبەر پارەی نەقددا پێشكەش دەكرێت و ئەو كۆمپانیانەیش كە تا ئێستا نەیانتوانیوە قەرزەكانی خۆیان بدەنەوە وەزارەتی ناوبراو سووتەمەنییان پێ نادرێت.
لە لایەكی دیكەوە زۆربەی هەرە زۆری گەشتیارەكانیش بە هۆی هەڵوەشانەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لە نێو فرۆكەخانەكانی سەرانسەری ئێراندا ماونەتەوە و نارەزایەتی خۆیان لەم بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی نەوت دەردەبڕن و كۆمپانیا فرۆكەوانەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانن كە بە شێوەیەكی نەقدی قەرزەكانی خۆیان لە ماوەیەكی زۆر كەمدا پێشكەشی وەزارەتی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران بكەن.




