حاجی ئۆمەران.. نرخی گواستنەوەی كاڵاو كەلوپەل بۆ كامیۆنەكان دیاری دەكرێت
تایبەت بە kdp.info/ لە پێناو رێكخستنی سیستەمی گواستنەوەو دیاریكردنی نرخی گواستنەوەی كاڵاو كەلوپەلەكان، لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بۆ شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەمەودوا لە رێگەی لیژنەیەكەوە نرخ بۆ گواستنەوە دیاری دەكرێت و هەر شۆفێرێكی لۆری بارهەڵگرو بازرگانێك سەرپێچی لەو نرخەی كە بۆی دیاری دەكرێت بكات سزای یاسایی بۆ دیاری دەكرێت.
لەم بارەیەوە مەسعود بادیلی سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە kdp.infoی راگەیاند: بۆ دیاربوونی نرخی گواستنەوەی كاڵاو كەلوپەل لە دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەرانەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی كوردستان، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ شۆفێرەکانی لۆری بارهەڵگر لیژنەیەك دیاریكرا، بۆ خەمڵاندنی كرێی گواستنەوەی رۆژانە و لە مەودوا دەبێت شۆفێرەکان پابەندی ئەو نرخە بن كە لە لایەن لیژنەكانەوە رۆژانە دیاری دەكرێت.




