لیژنەكانی پەرلەمان تاوتوێی بودجەی هەرێم دەكەن

كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 7/1/2013 لیژنەی پەیوەندییەكان و رۆشنبیری و راگەیاندن و شوێنەوارەكان بە ئامادەبوونی ئاسۆ كەریم سەرۆكی لیژنەو د.ئەحمەد وەرتی جێگری سەرۆكی لیژنەو ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنە، لەگەڵ كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و وەرزش ولاوان و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لەبەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بودجەی ساڵی 2013 تایبەت بە وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش ولاوان كرا و پاشان پرۆژە بەردەوامەكان و پێشنیاركراوەكان و دواكەوتووەكان خرایەڕوو. لەمبارەیەوە ئەندامانی لیژنەی رۆشنبیری كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیان خستەڕوو بۆ ئەم مەبەستەش شاندی وەزارەتی رۆشنبیری راپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشكەش بە لیژنەی رۆشنبیری كرد و گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی لەبارەوەكرا، بڕیاروایە لەماوەی داهاتوو لیژنەی رۆشنبیری درێژە بە كۆبوونەوەكانی خۆی بدات بۆ تاوتوێ كردنی پرۆژەی بودجە و ئامادەكردنی راپۆرتی لیژنە سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2013.
هەروەها لە كاتژمێر10ی هەمان رۆژ لیژنەی تەندروستی و ژینگە بەسەرۆكایەتی د.رێباز فەتاح و بە ئامادەبوونی جێگرو بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنە سەبارەت بە تاوتوێكردنی بەشە بودجەی وەزارەتەكەیان پێشوازیان لە د. رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
لەكۆبوونەوەیەكدا تیشك خرایە سەر بەشە بودجەی وەزارەتی تەندروستی و هەروەها گفتوگۆ كرا لەسەر پرۆژە بەردەوامەكان و ئەو پرۆژانەی كە بڕیارە لە بودجەی ئەمساڵدا شوێنیان بۆ بكرێتەوە بەڕەچاو كردنی هاوسەنگی لە نێوان پارێزگاكان و ناوەند و دەورووبەری شارەكان، واش بڕیارە لە بودجەی ئەمساڵدا بری 70 ملیار دینار تەرخان بكرێت بۆ ئەو نەخۆشانەی كە دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر و هاوكاری ئەو نەخۆشانەش دەكرێت كە نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و خوێنیان هەیە .
هەروەها هەر ئەمڕۆ لیژنەی كاروباری یاسایی بە ئامادەبوونی عەونی بەزاز جێگری سەرۆكی لیژنە و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنە لەگەڵ شێروان حەیدەری وەزیری دادی هەرێمی كوردستان وشاندی یاوەری كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی بودجەی ساڵی 2013ی وەزارەتی دادو لایەنە پەیوەندیدارەكانی سەر بەو وەزارەتە،سەرەتا شاندی وەزارەتی داد راپۆرتی خۆیان لەسەر بودجەی ئەمساڵی وەزارەتەكەیان پێشكەش بە لیژنەی یاسایی كرد لەمبارەیەوە ئەندامانی لیژنە سەرنج وتێبینیەكانی خۆیان سەبارەت بەو بەشە بودجەیەی وەزارەت خستەڕوو وپاشان گفتوگۆیەكی تێرو تەسەلی لەبارەوە كرا،و وابڕیارە لەكۆبوونەوەكانی داهاتووی لیژنەی یاسایی راپۆرتێك لەوبارەوە ئامادەبكرێت.
لەلایەكی دیكەوە كاژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی كۆمەڵایەتی و خێزان و منداڵ بە ئامادەبوونی عەبدولسەلام بەرواری سەرۆكی لیژنە و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنە سەبارەت بەخۆ ئامادەكردن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی 2013 كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە لە هۆڵی لیژنەی كۆمەڵایەتی و خێزان و منداڵ بەڕێوەچوو بڕیاریاندا رۆژی چوارشەمەی داهاتوو میوانداری وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بكەن بۆ تاوتوێكردنی ئەو خاڵانەی كە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندارن بە بودجە و هاوكات بە دواداچوونیش بكەن بۆ پڕۆژە بەردەوام و پێشنیازكراوەكان و تێبینیەكانی لیژنەش بخەنە روو، سەبارەت بەو سەردانانەی كە بۆ هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم ئەنجامیان داوە.
لەهەمانكاتدا كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و هاوچەرخكردنی لادێ لەپەرلەمانی كوردستان، بەئامادەبوونی سەرۆك و جێگرو بڕیاردەر و ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنە، لەهۆڵی لیژنە لەتەلاری پەرلەمان لەگەڵ كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەهرۆ ئەكرەم بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرانی گشتیی پلاندانان و تەكنیك لەوەزارەت كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر ئاستی جێیبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی كەلەبودجەی ساڵی 2012 بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە تەرخانكرابوون، هەروەك گفتوگۆیەكی چڕوپڕ لەسەر بودجەی پڕۆژە بەردەوامەكان و پڕۆژە پێشنیازكراوەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ ساڵی 2013 كرا.
كاتژمێر3ی پاشنیوەڕۆی هئەمڕۆ لیژنەكە لەگەڵ هێرش موحەرەم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەورۆز مەولود محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی و بەڕێوەبەری ژمێریاری و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی شارو ناوچە پیشەسازییەكان كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی چڕوپڕ لەسەر بودجەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2013 و كێشەو گرفتە داراییەكان و ئاستەنگەكانی پەیوەست بەبودجەی ئەمساڵ كرا.
شایانی باسە مەبەست لەكۆیوونەوەانە تاوتوێكردنی بودجەی ساڵی 2013یە كەئێستا لەپەرلەمانی كوردستانەو لەلایەن لیژنەكەوە تاوتوێ دەكرێت بۆئەوەی بتوانرێ سەرجەم داواكاری و تێبینییەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و دەستەی وەبەرهێنان لەڕاپۆرتیی رەسمیی لیژنەكەدا جێگەیان بكرێتەوە و دواتر ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی بكرێت بۆ كاركردن لەسەریان تالەداهاتوویەكی نزیكدا لەدانیشتنەكانی تایبەت بەبودجە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت.
هەروەها ئەمرۆ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان بەئامادەبوونی ئیسماعیل مەحمود سەرۆكی لیژنەو جێگرو بریاردەرو ئەندامانی لیژنە بەشە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ دەزگای ئاسایشی گشتیان تاوتوێ كردوو بریاریاندا هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆو لێپرسراوی دەزگای ئاسایشی گشتی كۆببنەوە.
لە درێژەی كۆبوونەمەكاندا بەمەبەستی تاوتوێكردنی بەشە بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان، سەعات 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 7/1/2013 لیژنەی وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستانبەئامادەبوونی سەرۆك و جێگرو بڕیاردەر و ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنە، لەهۆڵی لیژنە لەتەلارۆی پەرلەمان، لەگەڵ د.كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و وەرزش و لاوانی حكومەتی هەرێم كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا كەبەئامادەبوونی یاریدەری بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەرانی گشتیی لاوان و وەرزش لەوەزارەت بەڕێوەچوو، بەشە بودجەی ساڵی 2013ی وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان و پڕۆژە بەردەوامەكان و پێشنیازكراوەكانی وەزارەت بۆ ساڵی 2013 گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و تیشكیش خرایە سەر ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی كەدەبنە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیاندا.
شایانی باسەهەر بۆ تاوتوێ كردنی بودجەی ساڵی دارایی 2013 لیژنەی مافی مرۆڤ بەئامادەبوونی سالار مەحمود سەرۆكی لیژنەو جێگرو بڕیادەرو ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنە كۆبوونەوە بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی لیژنەكەیان سەبارەت بە بودجەی ساڵی دارایی 2013 و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سبەی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤ بەشە بودجەی دەستەكە تاوو توێ بكەن.




