ساڵی رابردوو (44) كەس لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی مین

تایبەت بە kdp.info/ بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو رووداوەكانی مین و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان رووەو كەمبوونەو بە جۆرێك لە ساڵی 2011 بە هۆی مین و تەقەمەنی 56 كەس لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی، لە ساڵی رابردوو 44 كەس بەر مین و تەقەمەنی كەوتوون و بەشی زۆری رووداوەكانیش لە كێڵگە مینەكانی دەڤەری باڵەكایەتی تۆمار كراون.
لەم بارەیەوە ئاكۆ عەزیز بەڕێوەبەری پەروەردەی هۆشیاركردنەوە لە دەزگای گشتی كاروباری مین بە kdp.info ی راگەیاند: بەهۆی هۆشیاری زیاتری هاووڵاتیان و بڵاوكردنەوەی رێنمایی چۆنیەتی دووركەوتنەوەو خۆپاراستن لە مین و تەقەمەنی لەلایەن دەزگای گشتی كاروباری مین، ساڵ دوای ساڵ رێژەی بەرمین كەوتن لە هەرێمی كوردستان رووەو كەمبوونەوەیەو بە جۆرێك لە ماوەی ساڵی 2011 بەهۆی مین و تەقەمەنی 56 كەس بوونەتە قوربانی، لە ساڵی رابردوو 44 هاووڵاتی بەهۆی مین و تەقەمەنی گیانیان لە دەستداوە یاخود كەمئەندام بوونە و بەشی زۆری رووداوەكانیش لە سنووری قەزای چۆمان تۆمار كراون، بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا بەهۆی چوونی هاووڵاتیان بۆ كوێستانەكان و گەشتوگوزار بۆ ناوچە شاخاوییەكان.
گوتیشی: لەگەڵ ئەوەی رووبەرێكی زۆری زەوی بە مین داچێنراو لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە مین و تەقەمەنی پاككراونەتەوە، بەڵامبە پێی ئەو ئامارەی لە دەزگای گشتی كارو باری مین هەیە لە دوای ساڵی 1991 تاكو ئێستا 14 هەزارو 500 كەس بەهۆی مین و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی و زیاتر لە 30 هەزار سەر ئاژەڵیش لە ناو چوونە.
رێكار چۆمانی




