كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پلانێكی ستراتیژی بۆ پێنج ساڵی ئایندەی كاری خۆی دادەڕێژێت

تایبەت بە kdp.info/ بەمەبەستی رێكخستنەوەی كاروبارەكانی خۆیی و دارشتنی پلانی ستراتیژی كاركردنی بۆ ماوەی پێنج ساڵی ئایندە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆنفرانسێكی چوار رۆژە لە شاری هەولێر سازدەكات.
هندرێن محەمەد ساڵح بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: لە ساڵانی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەبەرخۆی هەڵبژاردنەكان بەپێی پلانێكی ستراتیژی كاری كردووەو ئەمەش بۆ سەرجەم لایەنەچاودێرەكان روون و ئاشكرا بووەو تائاستێك لەمبارەیەوە سەركەوتن بەدەستهاتووە، بۆیە ئێستا كۆمسیۆن كار لەسەر ئەوە دەكات كە هەڵسەنگاندێك بۆ چەند ساڵی رابردووی كاری خۆیی ئەنجام بدات و پلانێكی ستراتیژی بۆ پێنج ساڵی داهاتووش دابڕێژێت و بەپێی ئەو پلانە كاری خۆی بكات و بۆ هەموو لایەكیش ئاشكرا بێت.
گوتیشی: ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كۆنفرانسێك بەئامادەبوونی بەرپرسی سەرجەم ئۆفیسی پارێزگاكای عێراقی كۆمسیۆن و كۆمسیاران و بەرپرسانی ناو كۆمسیۆن بەڕێوەچوو و بۆماوەی چوارڕۆژیش بەردەوامی دەبێت كە كۆی گشتی ئامانجی سازدانی كۆنفرانس و دارشتنی پلانی ستراتیژی بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زیاترە.
بڕوا بەرزنجی




