پار 1 ملیار و ئەمساڵیش 196 ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانكراوە

تایبەت بە kdp.info/ بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە بواری تەندروستی هاووڵاتیان و باشتر راپەڕاندنی كاروبارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی 2013 بڕی 196 ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوبراو تەرخانكراوەو وابڕیارە بەو بڕە پارەیە چەندین پرۆژەی گرنگ ئەنجام بدرێت و لەم میانەشدا گرنگی زیاتر بە بەرزكردنەوەی كوالێتی دەرمان لە هەرێمی كوردستان بدرێت.
سەمیرە گۆران ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ kdp.infoگوتی: بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی كە لە بودجەی ئەمساڵ بەپێی پرۆژە یاسای 2013 بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانكراوەو چۆنیەتی خەرجكردن و گرنگی ئەو پرۆژانەی ئەمساڵ بڕیارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە جێبەجێ بكرێت، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەندامانی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمان كۆبونەوەیەكی تایبەت ئەنجامدرا.
ناوبراو گوتیشی: هەرچەندە پار بڕێكی كەم لە بودجە بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان كرابوو، كە تەنیا یەك ملیار دینار بوو، بەڵام بەهۆی گرنگیدانی زیاتر بە بواری تەندروستی ئەمساڵ 196 ملیار دینار تەرخان كراوە و ئێمە و وەزیری تەندروستیش لەو بڕە پارەیە رازین و پێمانوایە پرۆژەو كاری باشی پێ جێبەجێ دەكرێت و لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا باسی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە لە پرۆژەی بەسوودی تەندروستی كراو ئاماژەش درا بە ئەوەی كە پێویستە بڕێكی دیاریكراو لەو پارەیە بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی دەرمان تەرخان بكرێت و هەوڵ بدرێت لەرێگەی كۆمپانیای باوەڕپێكراو و پێشكەوتووەوە دەرمان هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
بڕوا بەرزنجی




