حكوومەتی عێراق تا ساڵی 2020 باشترین كڕیاری چەك دەبێت

تایبەت بە/kpd.infoبەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی سەربازی، عێراق لە حەفت ساڵی داهاتوودا دەبێتە باشترین كڕیاری چەك و فڕۆكەی سەربازی لەناوچەكەدا، دامەزراوەی نێودەوڵەتی ئۆكسفۆرد بۆ لێكۆڵینەوە و ستراتیژیەتی سەربازی ئاشكرای كرد، كە حكوومەتی عێراق سووڕە لەسەر كڕینی چەكی قوڕس و فڕۆكە و هێلكۆپتەر تا توانای سەربازی بگەڕێنێتەوە دۆخی پێشووی، لێكۆڵینەوەكە هەروەها ئاماژەی داوە، كە عێراق هەوڵدەدات، چەكەكانی سەربازی لە رووسیا و تشیك و چەند وڵاتێكی دیكە بكڕێت، پاش ئەوەی لە ئەمەریكا بێ ئومێد بوو، بەهۆی لەسەرخۆ دابینكردنی كەلوپەلە سەربازییەكانی، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكەدا ئەوە ئاشكرا كراوە كە عێراق بە بەهای پتر لە 5 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار چەكی لە رووسیا و تشیك كڕیووە و ئەو چەكانەش لە ساڵەكانی داهاتوو بۆ عێراق دابین دەكرێت، لە كۆتاییدا دامەزراوەی ئۆكسفۆرد رایگەیاندووە: كە عێراق یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانی ناوچەكە، بۆیە تا ساڵی 2020 باشترین كڕیاری چەك دەبێت، شایەنی باسە لە ساڵی 2005 دا عێراق بەبڕی 19 ملیار دۆلار گرێبەستێكی كڕینی چەك و فڕۆكەی پێشكەوتووی لەگەڵ ئەمەریكا ئیمزا كردبوو، بەشێكی ئەو چەكەشی بەدەست گەیشتووە.




