٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

100 ملیار دینار پێویستە بۆ زیادكردنی دەرماڵەی قوتابیان و لەبودجەی ئەمساڵیش تەرخان نەكراوە

سەرچاوە: KDP.info

 تایبەت بە kdp.info-/ ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی كەمی بڕی ئەو پارەیەی وەكو دەرماڵە وەریدەگرن، قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان داوای زیادكردنی دەرماڵەكانیان دەكەن و ماوەیەكە لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی بەجێگەیاندنی ئەو داوایەی قوتابیانە، بەڵام بۆ بودجەی ئەمساڵیش هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەكراوەو ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت 100 ملیار دینار ساڵانە پێویستە بۆ ئەو مەبەستە.

عومەر نوردەینی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆkdp.onfoگوتی: ئێمە وەكو لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ماوەیەكە سەرقاڵی زیادكردنی دەرماڵەی قوتابیانین لە هەرێمی كوردستان و تاوەكو ئێستا بەچەندین شێوە هەوڵمانداوە، دواجار داوامانكرد كە لەبودجەی ساڵی 2013 بڕێك پارە تەرخان بكرێت بۆ زیادكردنی دەرماڵەی قوتابیان، بەڵام ئەو داوایە جێبەجێنەكرا و ناكرێت بڕیارێك بدەین و پابەندبوونی دارایی سەر حكومەت قورس بكەین، چونكە بۆ ئەو مەبەستە بڕێكی زۆر پارە پێویستە كە بەپێی هەژمارەكان پێداچوونەوەو زیادكردنی دەرماڵەی قوتابیان بەلایەنی كەمەوە ساڵانە 100 ملیار دیناری دەوێت، ئەمەش بڕێكی زۆرە، بۆیە باشترین چارەسەر بریتییە لە راوێژكردن و دانیشتن لەگەڵ حكوومەت، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرچاوەی داراییەكە دەستەبەر بكەین.

 ناوبراو گوتیشی: تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێكی یەكلاییكەرەوە لەبارەی زیادكردنی دەرماڵەی قوتابیانەوە نەدراوە، هەرچەندە ئێمە و حكوومەت و هەموو لایەكمان پێمانخۆشە بڕی پارەكە زیاد بكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە تەرخانكردنی بڕە پارەكەیە و ئێمە لەرۆژانی ئایندە لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتەكانی دارایی و خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێم دادەنیشین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە.

 بڕوا بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار