عاشور حامد : ھەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری قەیرانی ئێستای عێراق ناکات

تایبهت به kdp.info/ ئەندامێکی لیستی عێراقییە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەچارەسەر نازانێت بۆ قەیرانی ئێستای عێراق و دەڵێت: زحمەتە لەکاتی ئێستادا ھەلبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی تاوەکو ھەڵبژاردن دهکرێ ماوەی خوولی ئێستای پەرلەمان تەواو دەبێت.
ئەندامی لیستی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق عاشور حامد ساڵح لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.infoرایگەیاند: داواکارییەکانی خۆپیشاندەران زۆر روون و ئاشکرایە و بەڕای من ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی عێراقە، به تایبەت دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاشکرا گوتی داواکاری خۆپیشاندەران پەیوەندی بە پەرلەمانەوە ھەیە، ئەمەش ھەلێکی باشە لەبەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی کار لەسەر داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بکات.
سەبارەت بەوەی ئەیاد عەلاوی داوای کردووە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت ساڵح گوتی: ئەمە چارەسەر نییەو زۆر زهحمەتە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، چونکە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەپێشەوەیە و پێویستە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ھەموار بکرێتەوە، بۆیە تا ئەو کاتەش تەمەنی خوولی ئێستای پەرلەمانی ھیچی وای نامینێ و کۆتایی پێ دێت.
ناوبراو راشیگەیاند: باشترین چارەسەر بۆ قەیرانی ئێستای عێراق وهڵامی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بدرێتەوە کە دواکارییەکانیان رەوا ویاساییە، گەرنا ئەو کات ناڕەزایەتییەکان زۆرتر دهبێت و ھەموو ئەگەرەکانیش کراوە دەبن.
ماوەیهکە خۆپیشاندان چەند پارێزگایهکی عێراقی گرتۆتەوە و تێیدا چەند داواکارییهکیان ھەیە، لەوانەش ھەڵوەشاندنەوەی دەستەی لێپرسینەوە دادپەروەری و ماددەی چواری تیرۆر و ئازادکردنی پاسەوانەکانی رافع عیساوی و ئازادکردنی ئەو ئافرەتانەی بێ بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون.




