ئاواز عبدالواحد: جارێ ناتوانرێ رێگری لە ھێزەکانی ناوخۆ بکرێ کاری دیکە نەکەن

تایبەت بە kdp.info/ ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت: تاوەکو مووچەی ھێزەکانی ناوخۆ زیاد نەکرێ کە بتوانن ژیانی خۆیان پێی بەڕێوەببەن، ناتوانرێ رێگریان لێ بکرێ لەدوای دهوامی ئاسایی خۆیان کاری دیكه بکەن وئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە راگەیاندنەکانیش باس دهکرێ جارێ تەنھا بیرۆکەیە.
ئاواز عبدالواحد خدر ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لەپەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.infoرایگەیاند: ئەوەی باسی لێوەدەکرێ کە رێگری لە ھێزەکانی ناوخۆ دەکرێ دوای دەوام کاری دیكه بکەن جارێ تەنھا بیرۆکەیە، چونکە ئێمە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبووینەوە باسی ئەوەمان کرد کە ھەوڵ بدرێ مووچەی ھێزەکانی ناوخۆ بەشێوەیهک زیاد بکرێ تا بتوانن ژیانی خۆیان پێ بگوزەرێنن، ئینجا رێگریان لێبکرێ کاری دیکە نەکەن بۆئەوەی ھەلی کار بۆ کەسانی دیکە دابین بکەن .
گوتیشی،: ھەر چەندە مووچەیان زیادکراوە، بەڵام وەکو پێویست نییە، بۆیە ناتوانین رێگریان لێ بکەین تا بەم شێوەیهی ئێستا کاری دیكه نەکەن.
ئاواز عەبدالواحد راشیگەیاند: وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی نەداوە کە رێگڕی لە ھێزەکانی ناوخۆ بکات کاری دیکە بکەن، بەڵام وتمان بەیەکەوە ھەوڵبدەین ئەم کارە بکەین، ئەمەش پێویستی بەوەیە کە موچەی ھێزەکانی ناوخۆ بەشێوەیهک زیاد بکرێ کە پێویستی بەکاری دووەم نەبێ، ئینجا بڕیارێکی لەم شێوەیە بدرێ.
ناوبراو روونیشیکردهوە، تاوەکو ئێستا ھیچ پڕۆژە یاسایهک بۆ ئەم مەبەستە ئامادە نەکراوە و بیریشمان لێ نەکردۆتەوە، چونکە تاوەکو موچەکەیان زیاد نەکرێ ناتوانن قانونێکی لەم شێوەیە دەربکەن.
لەلایەن خۆشیەوە بریکاری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەلال شێخ کەریم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.infoرایگەیاند: ئاگاداری ئەوە نییە کە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەی دابێ کە رێگری لە ھێزەکانی ناوخۆ بکرێ دوای دەوامی ئاسایی خۆیان کاری تر بکەن.
بریکاری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ھەرکاتێ پەرلەمانی کوردستان یاسایهکی دەرکرد بۆ نەھێشتی کارکردنی ھێزەکانی ناوخۆ لەدوای دەوامی ئاسایی خۆیان، ئەوان پابەندی بڕیارەکە دەبن و جێبەجێی دەکەن.
شایانی باسه لە دەزگا راگەیاندەنەکان بڵاوبۆتەوە کە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە کە رێگری لە ھێزەکانی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات لەدوای دوامی خۆیان کاری دیكه بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە رێگا بۆ کەسانی بێکار خۆش بکەن و دەرفەتی کار زیاتر بێت.
بڵند ئیبراھیم




