رەنگدانەوەی "وەرزی كەركەدەن"ی بەهمەن قوبادی لە راگەیاندنەكانی توركیا

فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی وڵاتی توركیا نمایشكرا و لە راگەیاندنەكاندا رەنگدانەوەی هەبوو.
فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" Rhino Seasonلە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی، دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەكی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا وخەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی رێوڕەسمی خەڵاتی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" (APSA) ناسراو بە "ئوسكاری ئاسیایی" لە وڵاتی ئوستوراڵیا و هەروەها خەڵاتی "بۆقی برونزی" باشترین وێنەگری بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "پلووس كامێرائیمەیج"ی PLUS CAMERIMAGEپۆڵەندا، لە رۆژی 26ی ئۆكتۆبەری 2012 و تا ئێستا لە 86 سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی وڵاتی توركیا نمایشكراوە.
"وەرزی كەركەدەن" دوایین بەرهەمی بەهمەن قوبادییەكە بە بەشداری كۆمەڵێك هونەرمەندی ناوداری سینەما و میۆزیكی ئێرانی و بیانی، لەوانە: بێهرووز وسووقی، مۆنیكا بلووچی، بێرن ساعەت، یێلماز ئەردووگان، بێلجین بێلگین، ئاڕش لەباف و چەندین ئەكتەری دیكە، ساڵی پار لە شاری ئەستەنبووڵی توركیا وێنەگیراوە، ئێستاكە لە فیستیڤاڵە گرینگەكانی جیهان لە نۆبەی نمایشكردندایە و تاكوو ئێستا ڕخنەگرانی بەناوبانگی ئەورووپا و ئەمەریكا و هەروەها ڕخنەگرانی سینەمای توركیا بە باشی دوایین فیلمی بەهمەن قوبادیان هەڵسەنگاندووە.
"وەرزی كەركەدەن" كە بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیایە و دەرهێنەری ناوداری سینەمای جیهان مارتین ئێسكۆرسیزی ئەم فیلمە بە بینەران ناساندووە، دوای نمایش لە وڵاتی توركیا لە سینەماكانی سەرتاسەری جیهان دەچێتە سەر پەردەی سینەماكان.
فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە رۆژی 26ی ئۆكتۆبری 2012ـەوە لە 86 سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی وڵاتی توركیا نمایشكراوە و لە لایەن بینەران و رخنەگرانی سینەماوە پێشوازی لێكراوە و لە دەزگاكانی راگەیاندنی توركیاوە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری داوەتەوە.
ڕخنەگری ناوداری سینەمای توركیا "ئاتیلا دۆرسای" سەبارەت بە "وەرزی كەركەدەن" نووسیوییەتی: من فیلمەكەم پێی خۆش بوو، بە بڕوای من باشترین فیلمی بەهمەن قوبادییە. ئەم فیلمە تراژێدیایەك نیشانی بینەر دەدات و ئەو ڕووداوانەی كە لە ئێران و تەنانەت لە رۆژهەڵاتی ناوەأاست ڕوویدەدات، دەخاتە روو.
هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە: كۆتایی ئەم فیلمە لە گەرووی "پسفۆڕ" لە ئەستەنبووڵ ڕوویدەدا و ئەمە زۆر جێگای سرنجە. ئەم فیلمە دەبێت بێگومان ببیندرێت و ئەكتەرەكان لەم فیلمەدا زۆر بە جوانی رۆڵیان بینیوە.
رۆژنامەی "تەڕەف" سەبارەت بە "وەرزی كەركەدەن" نووسیوییەتی: شینگێڕی شاعیرانەی بەهمەن قوبادی (وەرزی كەركەدەن)، كە بە جەختكردنەوە لەسەر شاعیرێكی هونەرمەند و ژیانی ئەو كە بە چەقۆ بۆتە دوو بەشەوە، و گوتنی درامی هونەرمەندانێك كە ئازادی فیكرییان لێگیراوە و هەوڵدەدات كە دوایین بیرەوەرییە دەروونییەكانی رژێمكی زاڵم لە بیربەرێت، ئەم رێگایە هێمای بەهمەن قوبادی لە هۆنینەوەی چیرۆكە.
هەروەها تیایدا هاتووە: لەم فیلمەدا بەهمەن قوبادی دەبینین كە بە كامێڕاكەی شیعر دەنووسێت و بە ڕەنگی شین و قاوەیی تۆخ و هەروەها رۆڵ بینینی درەوشاوەی ئەكتەرەكانی لە بینەران داوادەكات تاكوو بچنە تەنیشت تەنیایی ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە "ساحل"ی شاعیرەوە.
هەندێك لە ڕخنەگرانی توركی دوای بینینی فیلمەكە، ڕخنەیان گرتووە كە "وەرزی كەركەدەن" فیلمێكی ئێرانی نییە. دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت كە بەهمەن قوبادی پێشتر رایگەیاندووە كە فیلمەكانی ئەو هەڵقوڵاوی هەستی دەروونییەتی و بەم هۆیەوەیە كە فیلمی ئێرانی سازناكات و دەیەوێت فیلمێك سازبكات كە لە ریزی فیلمە كوردییەكاندا بێت و شایەد بتوانین سینەمای ئەم نە تەنیا سینەمای ئێران، بەڵكوو سینەمای كوردی ناوبنێین.
رۆژنامەی "رادیكاڵ" ئەم مانشێتەی بۆ وتارەكەی دەستنیشانكردووە:
"چكۆلە بەڵام مەترسیدار" (كەسایەتی ئەكبەر لە فیلمی "وەرزی كەركەدەن"دا)
ئەم رۆژنامە ناودارەی توركیا لە درێژەدا نووسیوییەتی:
"وەرزی كەركەدەن" یەكێك لە سرنجڕاكێشترین و جێی ڕامانی ئەو فیلمانەیە كە بەم دوایانە لە لایەن بەهمەن قوبادییەوە سازكراوە. یێلماز ئەردووگان و مۆنیكا بلووچی لەو ئەكتەرە ناودارانەن كە بە رۆڵ بینینی بێوێنەیان توانیویانە پەیوەندیی ئەم فیلمە لەگەڵ بینەر بە باشترین شێوە بنوێنن.
رۆژنامەی "ئانلاین بیانت" نووسیوییەتی:
لە فیلمی "وەرزی كەركەدەن" دوایین بەرهەمی بەهمەن قوبادی، "ساحل" كەسایەتیی سەرەكی فیلمەكە لە تەواوی فیلمەكەدا قسە ناكات. بەو كەسانەی كە ڕخنەیان لەسەر ئەم فیلمە نووسیوە و گوتوویانە كە بۆچی ئەم فیلمە دیالۆگی زۆری نییە؟ دەڵێم بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەوەی كە "زیگفرید كاراكائێر" تەوەرناسی واقیعگەرای ئەڵمانی گوتوویەتی و لێرەدا ئاماژەی پێدەكەم: كەڵك وەرگرتنی زیاتر لە رێژەی خۆی لە دیالۆگ لە فیلمێكدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە فیلمساز بەرهەمی بینین لە دەستی دەرچێت، دیالۆگ زیاتر لە ئاستی خۆی لە فیلمێكدا، وێنە دەخاتە بەگراندەوە.
هەروەها نووسیوییەتی: ئەگەر مەبەستی سینەما، بینینی واقیع بێت لە ئاستێكی مومكیندا، دەبێت لە زمانی وێنەوە زیاتر كەڵك وەربگیرێت. هەروەها لەم رۆژنامە ئانلاینەدا هاتووە كە وێنەكانی فیلم جێگای سەرسوڕمان و بێوێنەن.
"وەرزی كەركەدەن" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەكتەری ناوداری سینەمای جیهان "مۆنیكا بۆلۆچی" لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی 12مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مەغریب نمایشكرا.
دوایین بەرهەمی بەهمەن قوبادی پێش ئەم فیستیڤاڵە لە بەشی "نمایشی تایبەت" و لە ڕێوەڕەسمی كۆتایی 13مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "فیلمەكس"ی ژاپۆن نمایشكرا.
ڕێوەڕەسمی كۆتایی 13مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "فیلمەكس"ی شەوی دووشەمە 2ی كانوونی یەكەم /
دیسەمبەری 2012 لە شاری تۆكیۆی پێتەختی وڵاتیژاپۆن بەڕێوەچوو و لە لایەن بەرپرسانی ئەم فیستیڤاڵەوە
لەوحەی فەخری و هەروەها خەڵاتی تەمەنێك چالاكی هونەری و سینەمایی پێشكەش بە بێهرووز وسووقی ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران و ئەكتەری سەرەكیفیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" كرا.
13مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "فیلمەكس" بە بەشداری كۆمەڵێك فیلم لە سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی لە رۆژانی 23ی نۆڤەمبەر تاكوو 2ی كانوونی یەكەم / دیسەمبەری 2012 لە شاری تۆكیۆ بەڕێوەچوو.
كۆمپانیای "وایلد بانچ" كە مافی بڵاوكردنەوەی جیهانی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە ئەستۆدایە، لە داهاتوویەكی نزیكدا بە شێوەیەكی بەربڵاو ئەم فیلمە لە وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریكی نمایشدەكات.




