هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیەكی گەورەی ئەمەریكا لە توركیا پشكی شێری بەردەكەوێت

تایبەت بە kdp.info / ڕاپۆرت/ كارزان هەورامی: شارەزایەكی بواری نەوت ئەوە دەخاتەڕوو كە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو دەوڵەمەندیەیی لە بواری نەوتیدا هەیەتی لە ئایندەدا دەچێتە ناو چوار چێوەی بازاڕێكی نێودەوڵەتیەوە، ئاماژەش بەوەدەكات پرۆژەیەكی گەورەی ئەمەریكا لە توركیا بەڕێوەیە كە هەرێمی كوردستان سودی لێوەردەگرێت.
دەربارەی گۆڕینی سیاسەتی توركیا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و كرانەوەی بازاڕەكانی ئەو وڵاتە بەڕووی هەرێمی كوردستان كە تەنها لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوو دەیان ملیۆن دۆلار هاتوچۆی بازرگانی كراوە لەگەڵ ئەوەدا قسە لەسەر پرۆژەی ناباكۆ دەكرێت كە گازی سورشتی لە كوردستانەوە دەگوازێتەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، بەرزان هەورامی سەرۆكی لێژنەی نەوت و گازو وزە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و شارەزا لە بواری نەوت بە kdp.info ڕاگەیاند بڕبڕی پشتی بازرگانی لە جیهان وزەیە، یان نەوتە، تائێستاش نەوت ڕۆڵی باش دەگێڕت لە جوڵاندنی سیاسەتی جیهان و سیستەمی نوێ جیهان كە پێی دەگوترێت "جیهان گیری" كۆمەڵێك سیستەم و دامەزراوەیی دارایی بەڕێوەیی دەبەن، لەوانە بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی بازرگانی جیهانیە، ئەمانە دامەزراوەی ئابورین لە كاتێكدا ئەگەر نەوت بزوێنەری جوڵانەوەی بازرگانی بێت لە جیهان ئەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە نەوت ڕۆڵێكی گەورەی هەیە لە ئاراستەی كردنی سیاسیەتی نێودەوڵەتی و كۆمپانیاكەكانی نەوت تەحەكوم بە سیاسەتی جیهانەوە دەكەن گوتی " نەوت لەگەڵ ئەوەی بڕگەیەكی ئابوریە لە هەمان كاتدا هۆكارێكە بۆ كاریگەری سیاسی نێودەوڵەتی ".
ئەوەی خستەڕوو كە توركیا یەكێكە لە وڵاتە گرنگەكانی بازرگانی جیهان بۆ ئەوەی پەرە بەو بازرگانیە بدات پێویستی بە وزەی نەوت هەیە ئەكرێت ئەوە هۆكارێك بێت بۆ نزیك بوونەوەی توركیا و هەرێمی كوردستان گوتیشی " پتەو بوونی پەیوەندی توركیا و هەرێمی كوردستان بەشێكی لە ڕوانگەی ئەو وزە نەوتەوەیە كە لە كوردستان هەیە، بەشێكی دیكەش پرۆژەی هێڵی ناباكۆیە، ئەوەش بەبێ بوونی كورد لەو پرۆژەیە ئاستەمە سەر كەوتن بە دەست بهێنێت و توركیاش هەوڵێكی جدی دەكات لەو بارەوە ".
ئاماژەی بەوە دا كە جگە لەوەی ناباكۆ پرۆژەیەكی ئابوریە لە هەمان كاتداپرۆژەیەكی سیاسیە چونە ئەگەر ئەو پرۆژەیە سەر بگرێت ئەوە تەوژمی ڕوسیا بەسەر بازاڕی گازی سروشتی ئەوروپا كەم دەكاتەوە، ئەوەشی خستەڕوو كە زۆر جار "ناباكۆ " لایەنە سیاسیەكەی زاڵترە لە ڕووە ئابوریەكەیەوە گوتیشی " ئەو پرۆژە دەبێتە كارتێكی فشار بەدەست توركیاوە بۆ وڵاتانی ئەروپا ".
بەرزان هەورامی لە درێژەی قسە كانیدا ئەوی ڕوونكردەوە دابەش بوونی ناوچەكە بۆ دوو جەمسەری توركی _ ئێرانی ڕۆڵی كاریگەری هەیە كە توركیا هەوڵی چاك كردنی پەیوەندی دەدات لەگەڵ دەوروبەری بەتایبەتی هەرێمی كوردستان. گوتیشی "سیاسەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە توركیا وڵاتانی جیهان ئەو گومانەی ڕواندەوە كە هەرێم مەترسیبێت بۆ سەر ئەو وڵاتانە ".
ئەو شارەزایەی بواری نەوت گوتیشی " ئەمەریكا پرۆژەیەكی هەیە هاوشێوە بازاڕی دوبەی و بازاڕی "برێنت" لە تەكساس لەسەر دەریایی ناوەڕاست ئەوەش لە ڕێگای توركیاوە و هەوڵەكانی ئەمەریكاش لەم بارەوە بەردەوامە و بەبێ هەرێمی كوردستان ئاستەمە ئەو پرۆژەی ئەمەریكاش سەركەوێت .
دەربارەی ڕێژەی یەدەگی نەوت لە كوردستان هەورامی ئەوەی خستەڕوو كە بەپێی بەڵگەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان 45 ملیار بەرمیل نەوت یەدەگی تێدایە، ئەوەش بەبێ ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان واتە تەنها سێ پارێزگای كوردستانە ئەوەش هۆكارێكە بۆ هاتنی كۆمپانیا گەورەكانی نەوت.




