وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بێ رێزی بەرامبەر كەمئەندامان ئیدانە دەكات

هەولێر- kdp.info / لەراگەیەنراوێكدا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرەشەو بێ رێزی كردن لەبەرامبەر كەمئەندامێك لەسنووری قەزای سۆران ئیدانە دەكات و كرداری هاوشێوەو مامەڵەی نەشیاو و بێ ڕێزی كردن بەرامبەر بەكەمئەندامان بەپێشێلكردنی مافەكانی كەمئەندامان دادەنێـت و ڕەتیدەكاتەوە. ئەمەش بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دادەنێت. ماڵپەڕی (kdp.info ) دانەیەک لەم راگەینراوەی وەزارەت بەدەست گەیشتووە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
(( دوای ئەوەی لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا لەقەزای سۆران لەلایەن چەند كەسێكەوە هەرەشەو مامەڵەی نەشیاو بەرامبەر كەمئەندامێكی نابینا دەكرێت و دوور لەكاری مرۆڤانە ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرێت و بێ رێزی بەرامبەر دەكرێت، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئیدانەی ئەم جۆرە هەڵسووكەوتە دەكات و هەموو جۆرە بێ رێزییەك و پێشێلكردنی مافەكانی كەمئەندامانو دەستدرێژی كردنە سەر ئەو توێژە لەژێر هەر ناوێكدا بێت ئیدانە دەكەین و رەتیدەكەینەوە. ئەم كارەش بەپێشێلكردنی راستەوخۆی مافەكانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستە تایبەتەكان دادەنێین.
هاوكات داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكە دەكەین یاسا رۆڵی خۆی ببینێت و هەوڵی تەواو بدرێت ئەنجامدەران و تۆمەتباران بەسزای یاسایی بگەیەنرێت بەجۆرێك رەفتاری هاوشێوە لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا نەبێتە نەریت و بنەبڕبكرێت. لەكاتێكدا تێكڕای خەڵكی كوردستان بەچاوی رێزەو سەیری كەمئەندامان دەكەن و توێژێكی خاوەن بەهرەو توانای جۆربەجۆرن لەكۆمەڵگەداو پێگەو تایبەتمەندی خۆیان هەیەو ئەركی هەمووانە كەمافەكانیان بپارێزین )).
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
2/ كانونی دووەم /2013




