رەچاودەکرێت هەفتەی داهاتوو بەفر و باران هەرێمی كوردستان بگرێتەوە

هەولێر- تایبەت بە kdp.info/ بەپێی ئەو زانیاریانەی لە رێگەی ئامێرە كەشناسییەكانی دەزگای کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای هەفتەی ئایندەوە شەپۆڵێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، جگە لە بارینی رێژەیەكی زۆری باران لەهەندێک ناوچە بەفریش دەبارێت.
فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی دەزگای كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆkdp.info گوتی: ماوەی چەند رۆژێكە هەرێمی كوردستان لە ژێر كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەكی کەشوهەوای توركیایە، لە ئەنجامدا سەقامگیریەك لە رەوشی كەشوهەوا دروستبووە و پلەكانی گەرما چەند رۆژێكە بەرزبۆتەوە، بەڵام بەپێیی پێشبینییەكانی دەزگای كەشناسی بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەك لەشەوی شەممە لەسەر یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بەكاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی دیكە كە یەكێكیان لە دەریای ناوەڕاست و ئەوی تریان لە دەریای سور لە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی ئایندەوە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان دادەبەزێت.
گوتیشی: پێشبینی دەكرێت لە رۆژی یەكشەممەی ئایندەوە تا چەند رۆژێك رێژەیەكی زۆر باران ببارێت و پێشبینی بارینی بەفریش بەهێزە، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان و پێشبینیش دەکرێت ئەو بەفر بارینە لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك نزیك ببێتەوە.
بڕوا بەرزنجی




