دەعوە: پیلانێكی هەرێمی بۆ دابەشكردنی عێراق هەیە

تایبەت بە/ kdp.info حزبی دەعوەی سەر بەنوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: عێراق كەوتۆتە چوارچێوەی پیلانێكی ناوچەكە و پێویستە گشتمان لێی ئاگادار بین، بەبۆنەی ساڵیادی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، لە بەیاننامەیەكدا حزبی دەعوەی ئیسلامی لەعێراق رایگەیاند: هەندێك پارت و لایەن دەیانەوێت فیتنەی تائیفی لە عێراق دروستبكەن، ئەویش بە هاوكاری وڵاتانی ئیقلیمی لە ناوچەكە، ئەمەش لە چوارچێوەی پیلانێك دایە كە دووبەرەكی دەخەنە نێو ریزەكانی عێراقەوە تا ئەو وڵاتە تێكبدەن، هەروەها لە بەیاننامەكەی حزبی دەعوە هاتووە: پێویستە گشت عێراقییەكان لە پیلانی دوژمنان ئاگادار بن، چونكە ئەوان مەبەستیانە بیرۆكەی مەزهەبی و تائیفی لەعێراق دروستبكەنەوە، كە ماوەیەكی درێژە سەركردەكانی حزبی دەعوە هەوڵی لەباربردنی ئەو بیرۆكەیان داوە. لەكۆتاییدا بەیاننامەكەی حزبی دەعوە داوا لە هێزەكانی ناوەخۆی عێراق دەكات، چاوكراوە بن، لە بەرانبەر پیلانی دوژمنان، شایەنی باسە زیاتر لە 11 رۆژە لە زۆربەی ناوچەكانی سونە مەزهەب، خوپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژی سیاسەتەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەریهەڵداوە.




