٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئازاد ئەبوبەکر: كات گونجاو نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی چواری تیرۆر

سەرچاوە: KDP.info

تایبه‌ت به‌ kdp.hnfo/ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ماددەی چواری تیرۆر بۆتە شمشێر بۆ ملی عێراقییەکان و لە رێگەی پەرلەمان ھەوڵددەن ئەم ماددەیە ھەموار بکرێتەوە، لەبەرامبەردا ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت: دەکرێ ھەر ماددەیه‌کی دەستووری ھەموار بکرێتەوە، بەڵام ئێستا گونجاو نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیە، چونکە رۆژانە چەندین کەس کردوەی تیرۆرستی ئەنجامده‌دەن و پێویستە بەپێی ئەم ماددەیە سزا بدرێن.

ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق ئازاد ئەبوبەکر لەلێدوانێکی تایبەت دا بۆ kdp.infoرایگەیاند: بەپێی ماددەی 60ی دەستووری عێراق دەکرێ ھەر ماددەیه‌کی دەستووری ھەموار بکرێتەوە بە سێ رێگا، لەوانەش ئەنجوومەنی وەزیران یاخود سەرۆکایەتی کۆمار یان 10ئەندام پەرلەمان پرۆژەیه‌ک پێشکەش بکات، ئەوکات ده‌خرێتە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێ و ده‌خرێتە دەنگدان، گەر دەنگی پێویستی ھێنا ھەموار ده‌کرێتەوە، بەڵام لەکاتی ئێستادا ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە، بۆیە زه‌حمەتە دەنگی پێویست بەدەست بێنێت.

ئازاد ئەبوبەکر گوتیشی: بە بڕوای من ئێستا گونجاو نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیە، چونکە رۆژانە چەندین کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدرێن، بۆیە ده‌بێ تاوانباران بگەنە سزای خۆیان بەپێی ئەم ماددەیە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی روونیشیکرده‌وە، ئەوانەی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیە دەکەن، ھۆکارەکەی ئەوەیه‌ کە خەڵکێکی زۆر لەزیندانەکاندایە بێ ئەوەی ھیچ تاوانێکی ئەنجام دابێ، بەڵام خەڵکانێکیش ھەیە تاوانی ئەنجامداوە و ئازادکراون دواتر دووبارە کردوەی تیرۆرستی ئەنجامداوە.

سەبارەت بەھەڵوێستی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لەبارەی ئەو ماددەیە ئەبوبەکر گوتی: جارێ ئێمە ھیچ کۆبوونەوەیه‌کمان لەم بارەیەوە ئەنجام نەداوە، بەڵام گەر بزانین ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیە لەبەرژوەندی گشتیدایە ئەوا دەنگی پێدەدەین، بەڵام گەر بزانین زەرەری دەبێ ئەو کات ئێمە دژی دەبین.

ماوەیه‌کە لەچەند پارێزگایه‌کی عێراق خۆپیشاندان لەدژی حکوومەت دەکرێ و یەکێک لەداواکارییەکانیشان ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی چواری تیرۆرە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ئوسامە نوجەیفی لەکاتی سەردانێکی بۆ پارێزگای نەینەوا لەکۆنگرەیه‌کی رۆژنامەوانیدا گوتی: ماددەی چواری تیرۆر بۆتە شمشێر بۆ ملی عێراقییەکان و ھەوڵده‌دەین لە رێگەی پەرلەمانەوە ئەم ماددەیە ھەموار بکەنەوە، بەشێوەیه‌ک دەسەلاتی تەواوی دادوەری بپارێزیت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار