قاسم ساڵح: ئەمڕۆ مانگرتن لە موسڵ بەکۆتا دێت
موسڵ- تایبهت به kdp.info/ سەرۆکی لیستی برایەتی نەینەوا لە پارێزگای موسڵ دهڵێت: ئەمڕۆ وادەی مانگرتن تەواو دهبێ و ئەنجوومەنی پارێزگاش کۆبوونەوەیهکی تایبەت لەمبارەیەوە ئەنجامدهدەن و ھەڵوێستی دیكهیان دهبێت، چونکە تاوەکو ئێستا حکوومەت وهڵامی داواکارییەکانی ئەوانی نەداوەتەوە.
سەرۆکی لیستی برایەتی نەینەوا لەپارێزگای موسڵ قاسم ساڵح لەلێدوانێکی تایبەت دا بۆkdp.infoرایگەیاند: سێ رۆژ پێش ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبوونەوەیهکی سازکردو تێیدا بڕیاریدا ماوەی سێ رۆژ مانگرتن رابگەیهنن و داواکارییەکانی خەڵکیش ئاراستەی حکوومەت بکەن، بۆئەوەی وهڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە ، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت ھیچ وهڵامێکی نەداونەتەوە.
سەرۆکی لیستی برایەتی نەینەوا گوتیشی: ئەمڕۆ وادەکە تەواو دهبێت و کۆبونەوەیهکی دیكهی تایبەت لەمبارەیەوە ئەنجامدهدەن و ھەڵوێستی دیكهیان دەبێت.
قاسم ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوایکرد چاوی بەسەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەوێ، بەڵام رەتیکردوە، لە بەرئەوەی ھیچ وهڵامێکی داواکارییەکانی خەڵکی پارێزگای موسڵی نەداوەتەوە.
ساڵح لەدرێژەی لێدوانەکەیدا رونیشیکردهوە: ئێمە وەکو لیستی برایەتی نەینەوا تەواوی پشتگیری خۆمان بۆ داخوازییەکانی خەڵکی پارێزگای نەینەوا دەردەبڕین و بەھەموو شێوەیهک لەگەڵ خەڵکی ئەم پارێزگایە داین.
ناوبراو راشیگەیاند: رەنگە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاربدەن دەرێژە بەمانگرتن بدەن یان شاندێک پێکبێنن لەھەموو کوتلە سیاسییەکان بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ حکوومەت گفتوگۆ لەبارەی داواکارییەکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە بکات.
لەچەند رۆژی رابردوو خەڵکی شاری موسڵ خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و تێیدا چەند داواکارییهکیان خستەروو ، لەوانەش ئازادکردنی پاسەوانەکانی رافع عیساوی و ھەڵوەشاندنی مادەی چواری تیرۆر و دەرکردنی سوپای عێراق لەناو شار بۆ دەوروبەری شارو ئازادکردنی ئافرەتانی دەست گیر کراوبێ بریاری دادوەر.
بڵند ئیبراھیم




