حكوومەتی توركیا دانوستانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستپێكرد

توركیا - تایبەت بە/ kdp.info توركیا بە ئامانجی چەك پێدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گفتوگۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەركردەی دەستبەسەركراوی پەكەكە لە بەندیخانەی دوورگەی ئیمراڵی دەستپێكردووە، یالجین ئەكدۆ جان راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند: بەمەبەستی هەنگاونان بەرەو پرۆسەی كرانەوەی دیموكراسی و ئاشتی لە ناوچەكە حكوومەتی توركیا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دانوستانی لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستپێكردووە، راوێژكارەكەی ئەردۆغان بە كەناڵی ئاسمانی ئین تیڤی توركی راگەیاندووە: سیاسەتی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان ئەوەیە كە پێویستە لە رێگای دانوستانەكانی نێوان حكوومەت و دامەزرینەری ئەو پارتە كە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، هەردوولا رێكکەوتنێك بدۆزنەوە تا پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بەیەكجاری چەك دادەنێت، یالجین ئەكدۆ جان گوتیشی: گەیشتینە ئەو بڕوایە كە كێشەی كورد لە توركیا بە رێگای سەربازی چارەسەر ناكرێت. شایەنی باسە دوێنی لە ئاكامی هێرشێكدا لە ناوچەیەكی نزیك لە دیار بەكر، ژمارەیەك سەربازی تورك و گەریلای پەكەكە كوژران و برینداربوون.




