پیلانێكی هەرێمی لە پشت رووداوەكانی سوریا و عێراقە

تاران - تایبەت بە/ kdp.info وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: پیلانێكی هەرێمی لە دژی سوریا و عێراق لە ناوچەكە لە ئارادایە پێویستە وشیار بین، رامین میهمان پەرست گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لەتاران رایگەیاند: ئەو خۆپیشاندانانەی كە ئێستا لە چەند شارێكی عێراق دەبینرێ ، پیلانێكی هەرێمی لە ئارادایە و دیانەوێت فیتنەیی لەنێو پێكهاتەكانی عێراق و سوریا دروست بكەن، بۆ ئەمەش پێویستە زۆر وشیار بین، سەبارەت بەگرنگترین رووداوەكانی جیهان لەساڵی 2012 دا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: پێشكەوتن لە هەندیك وڵات روویداوە، لە هەندێكی تریش بەپێچەوانەوە بووە، پێویستە هەموولایەك رێز لە ئیرادەی میللەتان بگرن، ئەوەی نیگەرانمان دەكات دەستوەردانی هەندێك وڵاتانە لەكارووباری ناوخۆی وڵاتانی تر و هەوڵدانیان بۆ لێكترازانی پێكهاتەكانییەتی، میهمان پەرست پێشی وابوو پێویستە پرۆسەی دیموكراسی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە بنەمایەك بۆ دەستەبەركردنی مافی هەموو پێكهاتەكان بەگشتی لەناوچەكەدا.




