بەغدا.. دواین رۆژی ساڵ بە ژمارەیەک تەقینەوە پێشوازی لێکرا

بەغدا- تایبەت بە kdp.info/ پۆلیسی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ دە کەس کوژران و پتر لە چل و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون لەئەنجامی ژمارەیەک کاری تیرۆریستی و تەقینەوە. ئەم کارانەش لە کاتێکدا رویانداوە کە عێراق هەنووکە بە کەشێکی سیاسی گرژ و نارەزایەتی لە شارە سونییەکان تێدەپەڕێت.
ئەمڕۆ کە دواین رۆژی ساڵی 2012ەیە، ژمارەیەک تەقینەوەی تیرۆریستی لە هەندێک شار رویاندا، کە لەئەنجامدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە. سەرچاوە رەسمییەکان ئاشکرایان کردووە کە حەوت کەس لە یەک خێزاندا لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە شارۆچکەی مسەیب لە خوارووی بەغدا کوژران و هەروەها لە شاری حلەشدا کە زۆربەیان شیعەن، ئۆتۆمبێلێک بە کاروانی پارێزگای بابلدا تەقیوەتەوە، هەرچەندە پارێزگار لەم کارە دەربازی بووە، بەڵام دوو کەس لەئەنجامدا کوژراون.
لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیشدا ژمارەیەک تەقینەوەو کاری تیرۆریستی رویانداوە و لەئەنجامدا سێ کەس کوژراون. دوو لەو کەسانەی بوونەتە قوربانی دانیشتووی کەرکووکن.
لە ساڵانی نێوان2006تاکو 2007بەدەیەها کەس بوونە قوربانی شەڕی تایفی لە نێوان لایەنە عەرەبییەکانی عێراق و رەنگە رووداوەکانی ئەم دوو هەفتەیەی دوایش بەهەمان ئاراستە بروات، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ئێستا لە ناوچە سنوی نشینەکاندا ناڕەزایەتی دەستی پێکردووە دژی سیاسەتی حکومرانی نوری مالکی سەرۆک وەزیران لە بەغدا.




