عێراق.. كۆی گشتییان 980 ئافرەتە و 211 یان بەكردەوەی تیرۆریستی زیندانن

تایبەت بە / kdp.in بە فەرمی 980 ئافرەتی بەندكراو لە بەندیخانە جۆربەجۆرەكانی عێراق هەیە، كە 211 لەو ئافرەتانە بە تۆمەتی تیرۆر بەندكراون، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بەغدا سازكرا، حەسەن شممەری وەزیری دادی عێراق رایگەیاند: ئەو ئامارانەی كە پێشتر هەندێك لایەن بڵاویان كردۆتەوە، گوایە 5000 هەزار ئافرەتی بەندكراو لە عێراق هەن، ئەو ئامارە دوورە لەراستییەوە، بە پێی ئاماری فەرمیی وەزارەت دەركەوتووە، كە 980 ئافرەتی بەندكراو هەیە، لە نێوانیشیاندا 211 یان بەتاوانی كردەوەی تیرۆریستی بەندكراون، شممەری گوتیشی: ئافرەتەكانی تر بە تاوانی كوشتن و دزین و چەندین تاوانی دیكە گیراون، سەبارەت بەرەوشی ژیانی بەندكراوانیش، وەزیری دادی عێراق گوتی: وەزارەتەكەمان تەواوی هاوكاری ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق دەكات، كە لە دۆسییەی دەستدرێژی سەر ئافرەتە بەندكراوەكان لێكۆڵینەوە دەكات، شایەنی باسە لە چەند پارێزگایەكی عێراق ناڕەزایی جەماوەری لە مەڕ خراپی رەوشی بەندییەكانی ئافرەتان و سیاسەتی تاكڕەوی مالیكی بەرزبوویەوە.




