شوان پەروەر" جارێک زووە ناگەڕێمەوە تورکیا

تایبەت بە kdp.info / هونەرمەندی ناوداری کورد شوان پەروەر سەبارەت بە دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ تورکیا رایگەیاند کە جارێک زووە من ناتوانم ئێستا بگەڕێمەوە تورکیا.
شوان پەروەر ئاماژەی بەوە دا کە ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا بولەنت ئارنجدا چاوپێکەوتنێکی لە سەر دەعوەتی بولەنت ئارنج ساز کرد و بە هۆی ئەم چاوپێکەوتنەوە رووبەرووی رەخنەی توند بووەتەوە و زۆر بە توندی تاوانبار کراوە ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە لەم چاوپێکەوتنەدا تەنیا وەکو دوو مرۆڤ قسە وباسمان کردووە.
شوان پەروەر لە کاتی ناساندنی ئەڵبۆمە نوێیەکەی خۆیدا باسی ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکەی خۆی لەگەڵ بولەنت ئارنجدا کردووە و وتوویەتی" من لەم چاوپێکەوتنەدا بە بولەنت ئارنجم وتووە کە رەسەنی تۆیش کوردە و دەبێت هەموو لایەک هەوڵ بۆ ئافراندنی دەرفەتێکی باشتر بۆ دانووستاندن و گفتووگۆیەکی باشتر و بەسوود بدەین.
پەروەر لە درێژەی لێدوانەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە کە دەوڵەتەکانی ناوچەکە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد چەندین جار بانگهێشتیان کردووە بەڵام ئەم بانگهێشتانەی رەد کردووەتەوە بۆ نموونە لە ساڵی 2004دا بەشار ئەسەد دەعوەتی سووریای کردووە و وتوویەتی وەرە با پێکەوە باس لە چۆنیەتی چارەسەر کردنی پرسی کورد بکەین، بەڵام من بە هۆی دیکتاتۆر بوونی بەشار ئەسەدەوە و بە هۆی رەخنەکانی کە ئاراستەم دەکران ئەم بانگهێشتەم رەد کردەوە چوونکە دەمزانی ئەگەر برۆم بۆ سووریا هەندێک کەس و لایەن دەیانگۆت یا پارەی وەرگرتووە یا خۆی فرۆشتووە هەر بۆیە نەچووم و سەردانی سووریام نەکرد.




