نەجیبە نەجیب: لە پرۆژە یاسای مووچەی خانەنشینی 280 هەزار وەكو كەمترین مووچە دیاریكراوەو ئەگەری گۆرانكاریشی هەیە

تایبەت بە kdp.info / لەچەند رۆژی رابردوو لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن هەندێ زانیاری هەڵە سەبارەت بە كەمترین و زۆرترین مووچەی خانەنشینی هەر وەك لە پرۆژە یاسای مووچەی خانەنشینی هاتووەو ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەو چاوەڕوان دەكرێـت رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بكات بڵاوكرایەوە، لەلێدوانێكی تایبەت بۆ kdp.infoئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند زانیارییەك سەبارەت بە ناوەڕۆكی پرۆژەكە ئاشكرا دەكات.
نەجیبە نەجیب ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی تایبەت بۆkdp.infoگوتی؟ پرۆژە یاسای خانەنشینی لە ئەسڵدا ناوی( تەئمیناتی كۆمەڵایەتی) یە تاوەكو ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەو پەسەند نەكراوە و ئەم پڕۆژەیە گرنگیەكی ئەوتۆی هەیە لەلای ئێمە وەكو ئەندامانی لیژنەی دارایی و ئێمە بڕیارماندا دەسنیشانكردنی بڕێك پارە بۆ ئەو پڕۆژەیە دابین بكەین لە بودجەی ساڵی 2013 ی عێراق، چونكە ئەو پڕۆژەیە لە گرنگترین كارەكانی لیژنەی داراییە و ئێمە ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی كاركردنین لەسەر ئەو پڕۆژەیە، بۆ دەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكەكەی.
ناوبراو گوتیشی: ئەو پڕۆژە یاسایە چەندین بڕگەی گرنگی لەخۆ گرتووە یەكێك لەوانە بریتییە لەوەی كە ئەو یاسایە هەموو خانەنشینێك لەسەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە بێ جیاوازی یەكێكی تریش بریتییە لەوەی داواكراوە ئەو كەسانەی كە لەكەرتی تایبەت كاردەكەن سوودمەندبن لەو یاسایەو سندوقی خانەنشینی .
سەبارەت بە ناوەڕۆكی پرۆژەكەش نەجیبە نەجیب گوتی: ناوەڕۆكی پڕۆژەكە قابیلی گۆڕینەو بواری هەمواركردنەوە و دەستكاریكردنی هەیە.
بڕوا بەرزنجی




