بومەلەرزەیەك شارۆچكەی پێنجوێن دەهەژێنێت

سلێمانی – تایبەت بە kdp.info/ سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان بە kdp.infoی راگەیاند كە بومەلەرزەیەك لە شارۆچكەی( پێنجوێن)ی داوەو دانیشتوانی ناوچەكەش هەستیان بە لەرینەوە كردووە.
فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: ئێوارەی دوێنێ هەینی كاتژمێر(6:03) بومەلەرزەیەك بە هێزی (3،3) پلە بە پێوەری رەختەر ناوچەكانی شارۆچكەی پێنجوێن و دەوروبەری هەژاند كە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە هەستیان بە لەرینەوەی ئەو بومەلەرزەیە كردووە.
گوتیشی: سەنتەری بومەلەرزەكە لە دووری 75 كیلۆمەتر لە ئامێری تۆماركردنی بومەلەرزەی سلێمانییەوە دوور بوو كە بە ئاراستەی باكور و باكوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان بووە واتا سەنتەری بومەلەرزەكە لەدەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام كاریگەری بەسەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان هەبووە.
ناوبراو رونیشیكردەوە بەپێی دواین زانیاری هیچ زیانێكی گیانی و ماڵی بەهۆی ئەو بومەلەرزەیە نەكەوتۆتەوە.
بڕوا بەرزنجی




