هۆداپار: کورد دامەزرێنەری سەرەکی کۆمارە و پێویستە زمانی کوردیش زمانی رەسمی بێت

تایبەت بە kdp.info/ هۆداپار ( پارتی دۆزی ئازاد) ئەمرۆ لە شاری دیاربەکر بەرنامەی خۆی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە کورد یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی کۆماری تورکیا بووە هەر بۆیە پێویستە لە نێو دەستووری بنەڕەتی نوێ تورکیادا زمانی کوردی وەکو دووەمین زمانی رەسمی تورکیا دانی پێدا بنرێت.
وتەبێژی پارتی ناوبراو محەمەد یاڤووز لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی بەرنامەی هۆداپار هەوڵدان بۆ بە رەسمی کردنی زمانی کوردی لە تورکیایە و بۆ ئەم مەبەستەیش دەستیان بە ئامادەکاری و هەوڵدانی زۆر بەرفراوان و بەهێز کردووە.
محەمەد یاڤووز ئاماژەی بەوە کرد کە هۆداپار لەم باوەرییەدایە کە کورد یەکێکە لە دامەزرێنەرە هەرە سەرەکییەکانی کۆماری تورکیا بەڵام کۆمار دوای دامەزراندنی بەڵێنەکانی خۆی لە بەرامبەر کورددا جێبەجێ نەکردووە هەر بۆیە قوناخی ئێستا زۆر گۆنجاوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانە و پێویستە لە نێو دەستووری بنەڕەتی تورکیادا زمانی کوردی وەکو دووەمین زمانی رەسمی تورکیا دانی پێنرێت.




