پەرلەمانی ئێران دووبارە دەنگی متمانە بە حکوومەت دەداتەوە

تایبەت بە kdp.info/ نوێنەری شاری تاران و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد رەزا باهونەر رایگەیاند کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی نێو کابینەی حکوومەتدا بوونەتە مایەی نارەزایەتی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئەندام پارلەمانەکان هەر بۆیە پەرلەمانی ئێران دەستی بە ئامادەکاری بۆ دووبارە دەنگ دانەوە بە حکوومەت و وەزیرەکانی کابینەی حکوومەت کردووە.
باهونەر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی نێوان هەر دوو حکوومەتی نویەم و دەیەم و پارلەمانی ئێراندا مەسەلەی لابردن و هێنانی وەزیرەکان بووە و پەرلەمان تا ئێستا ئاگای لە هۆکاری هیچ یەک لەم گۆڕانکارییانە نییە و ئەم گۆڕانکارییانەیش پەسەند ناکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر بێتو بمانەوێ وەزیر یا خۆ بەرێوەبەرێک بگۆڕین دەبێت یەکێکی باشتر و بەهێزتمان هەبێت کە شوێنەکەی پڕ بکاتەوە بەڵام ئەم هەڵسووکەوتانەی حکوومەتی ئێران بە بێ ئاگاداری پارلەمان هیچ سوودێکی بۆ وڵات نییە و تەنیا زەرەری هەیە.
جێگری سەرۆک پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە لە حکوومەتی دەیەمدا نیوەی هەرە زۆری وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت گۆڕاون و بە پێ دەستووری بنەڕەتی ئێرانیش دەبێت جارێکی دیکە پارلەمان دەنگی متمانە بە حکوومەت بداتەوە.




