فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان ھەوڵ دەدهن تا سەرەتای وەرزی یاسادانان بگەنە رێکكەوتن

هەولێرتایبەت بە kdp.info/ فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک رێکكەوتن، لەوانەش ھەول دەدرێ تا سەرەتای ورزی یاسادانان بگەنە رێکكەوتن لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە رەھەندی نیشتیمانیان ھەیە.
لەمبارەیەوە د.ئەحمەد وەرتی سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەت دا بۆ kdp.infoڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر پێشنیاری فراکسیۆنی کوردستانی، کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەھۆڵی ماددەی (140) بەڕێوە چوو ، دوای گفتوگۆی پێویست لەسەر چەند خاڵێک رێکكەوتن .
لەبارەی ئەو خاڵانەی لەسەری رێکكەوتن د.ئەحمەد وەرتی گوتی، دەربارەی نەخشە ڕێگای بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێم ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، کۆبوونەوە پێی باش بوو کۆبوونەوەیەکی تایبەتی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، بۆ دیراسەکردن و دانانی میکانیزم و ڕێوشوێنی گونجا و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی .
ھەروەھا دەربارەی ئەو پڕۆژە یاسایانەی بیروبۆچوون و ھەڵوێستی سیاسی جیاوازیان لەسەرە و (ڕەھەندی نیشتیمانیان ھەیە ) د.ئەحمەد وەرتی گوتی: کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان فراکسیۆنەکان بە مەبەستی گەیشتن بە پێکەوە سازان بەردەوام دەبن و لە کۆبوونەوەی داھاتووش گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژادرنەکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکرێت، چونکە پێشتر گفتوگۆی لەسەر کراوە و زەمینەی گەیشتن بەپێکەوە سازان لەسەری گونجاوە .
سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی رونیشیکردوە، ھەوڵی جددی دەدرێت تا سەرەتای وەرزی یاسا دانان لە مانگی 3ی ساڵی 2013 بەڕێککەوتن بگەین لەسەر ژمارەیەک لەو پڕۆژە یاسایانە و پڕۆژە ی ھاوبەش بخرێتە بەردەم پەرلەمان .
بڵند ئیبراھیم




