هاشمی: دەسەڵاتی مالیكی لەساڵی 2013 دەڕووخێ

تایبەت بە/ kdp.infoتارق هاشمی رایگەیاند : بەهاری عێراقی لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانە فراوانەكانی ئەم دواییە لە پارێزگاكانی موسڵ و ئەنبار و سامەڕا دەستیپێكردووە و ئەگەری خۆپیشاندانی دیكەش لە شارەكانی دیكەی عێراق زۆرە، هاشمی لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئەنادۆل لە توركیا گوتی: بێزاری هاووڵاتییان لە تەشەنەسەندنی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئیدارەی وڵات لەلایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، وای كردووە بێكاران و لێقەوماوان و هەژاران دەست بە خۆپیشاندان و نیشاندانی ناڕەزایی بكەن، كە ئاراستەی داهاتووی عێراق دیاری دەكات، هاشمی لە درێژەی لێدوانەكەشیدا گوتی: برسیەتی و دەردەسەری تەنیا شارەكانی ناوەڕاست و باكووری عێراقی نەگرتۆتەوە، بەڵكو شارەكانی باشووری عێراقیشی گرتۆتەوە و خۆپیشاندان لەو شوێنانەش روودەدات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، ساڵی 2013 بۆ عێراق ساڵی گۆڕانكاری دەسەڵات بێت، شایەنی باسە بە گومانی تێوەگڵانی بە شانە تیرۆریستییەكانەوە، دادگای تاوانی عێراق سزای پێنج جار لەسێدارەدانی بۆ تارق هاشمی دەركردووە.




