خۆپیشاندانی سونەکان بەردەوامەو مالکیش داوای گفتوگۆ دەکات

ئەنبار- تایبهت به kdp.info/ دوای هەفتەیەک لە بەردەوامی خۆپیشاندان و گرتنی رێگەی نێودەوڵەتی نێوان ئوردن و سوریا و عێراق، یاخیبوونەکان بەردوامە، ئەمڕۆ هەینی لەتەک بەرزکردنەوەی وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆگان، درشمی گەل داوای روخانی رژێم دەکاتیان بەرز کردبووە.
ئاژانسەکان ئەمڕۆ هەینی ئاماژەیان کرد کە خۆیشاندانی ناوچە سونییەکان درێژەی هەبوو. لە رومادی دەیان هەزار کەس لە شەقام خۆپیشاندانیان سازدا، هەروەها دەیان هەزاری دیکە لە شاری فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار بەشداری نوێژی هەینیان کرد، کە وەکو ناڕەزایەتی سازکرابوو.
خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی گیراوەکانیان دەکرد، هەروەها نوێژکەرانی موسل و سامەراو ئەعزەمییەو عامرییە کۆشاون بۆ ئەوەی بچنە ریزی خۆپیشاندەران، بەڵام هێزەکانی ئەمن رێگەی لێگرتوون. هەر ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی هاوشێوەی رومادی لە موسل و سامەرا و سەلاحەدینیش بەرێوەچوو، بە گشی خۆپیشاندەران سونەن و دژی گرتنی پاسەوانەکانی رافع عیساوی دەستیان بە یاخیبوون کردووە و دروشمیان ئەوەبوو کە گەل دەیەوێت رژێم بروخێت، ئەمەس یەکێکە لە دروشمەکانی بەهاری عەرەبی کە جەماوەر دژی دەسەڵاتی عەرەبی بەرزی کردبۆوە.
هاوکات ئەمڕۆ نوری مالکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە کە پێویستە لایەنەکان بە شێوازی مۆدرێن رایەکانیان دەربڕن و رێگەبڕین و دروستکردنی کێشەی تائیفی بە کاری نا مەقبول دادەنرێن. گوتیشی باشترە بەیەکەوە دابنیشین و لە سەر مێزی خۆشەویستی و برایەتی دابنیشین، بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانمان.
هەر ئەمڕۆ رۆیتەرز رایگەیاند کە خۆپیشاندەران لەسەرینی ئەو قسانەی لە چەند رۆژی رابردوو تورکیا دژی مالکی کردبووی، وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆگانیان وەکو رێزگرتن لە قسەکانی دژی مالکی بەرز کردبۆوە.




