تاڵان، ئەندامانی سوپای سوریای ئازاد بە گژ یەکتر دادێنێتەوە

تایبەت بە/ kdp.info هێزەكانی سەر بەسوپای سوریای ئازاد، لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەسكەوتی ماددی، پەرتەوازەیی و دووبەرەكییان لە نێوانیاندا دروستبووە.چەند جارێكیش رووبەرووی یەكتری بوونەتەوە، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە بڵاوكراوەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی داوە: كە شۆرشی سوریا دەچێتە قوناغێكی ترەوە، بەهۆی پەنابردنی سەركردەكانی سوپای ئازاد بۆ تاڵان و فەرهوودكردنی كەلوپەلەكانی بەجێماوی سوپا و دامەزراوەكانی وڵات، رۆژنامەی گاردیان لە بەرپرسێكی سەربازی سوپای سوریای ئازاد نەقیب حوسامی گواستەوە: كە لە دەوروبەری شاری حەلەب ژمارەیەك سەركردەی سوپای ئازاد، لەسەر كەلەوپەلەكانی بەجێماوی سەربازی و مەدەنی شەڕیان لەگەڵ یەك كردووە، بەهۆیەوەش چەند سەربازێك كوژران و برینداربوون، بەرپرسێكی دیكەی سەربازی سوپای ئازاد بەناوی ئەبو ئیسماعیل گوتی: پێشتر هێزكانی سوپای ئازاد یەكگرتوو بوون، بەڵام ئێستا لەوەتەی دەسكەوتی ماددی هاتۆتە ئاراوە، ناتەبایی زۆر لە ریزەكانی سوپا هەیە و هەر گرووپ و هێزێكیش تاك لایەنانە مامەڵە دەكات.




