بەرپرسێکی سوپای ئازادی عێراق گیرا

تكریت - تایبەت بە / kdp.info بەرپرسێكی باڵای حزبی بەعسی پێشوو دەستگیركرا كە لە پیلانی دابووە هێزێكی سەربازی بۆ سوپای ئازادی عێراق پێكبهێنێت، ئەمڕۆ هەینی سەرچاوەیەكی ئەمنی بە شەفەق نیوزی راگەیاند: سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی ئەمنی عێراق لە شارۆچكەی بەلەدی سەر بە پارێزگای تكریت پلەبەرزێكی سەربازی پێشوی حزبی بەعسی روخاویان دەستگیركردووە، كە یەكێك بووە لەو كەسانەی كە پیلانیان بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكداری بۆ سوپای ئازادی عێراق داڕشتووە لەدژی حكوومەتی ئێستا بە سەرۆكایەتی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، سەرچاوەكە ئەوەشی راگەیاند: تا لێكۆلێنەوە لە گەڵ كەسە گیراوەكە تەواو نەبێت، ناو و پلەكەی ئاشكرا ناكرێت و گوتیشی: ئەو هێزە وا بڕیار بووە لەنێوان مووسڵ و تكریت بە بزاڤ بخرێت. شایەنی باسە ماوەیەكە لەناوچەی عەرەبی سونەكانی عێراق، دەنگۆیەک بۆدروستبوونی سوپای ئازادی عێراق هەیە، هاوشێوەی سوپای ئازادی سوریا لە دژی حكوومەتی فیدراڵ لە عێراق.




