ئەنجوومەنی زانایانی عێراق: خەڵكی سامەڕا بۆ جێبەجێكردنی كۆمەڵێك داواكاری بڕیاری خۆپێشاندانێكی فراوانیاندا

تایبەت بە / kdp.info ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی زانایانی عێراق لە سامەڕا رایگەیاند: دانیشتوانی سامەڕا بڕیاریانداوە لە پێناو ئازادكردنی دەستگیركراوانی ئەو شارە و چەند داواكارییەكی دیكە، ئەمڕۆ خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكی گەورەی مەدەنی دەستپێبكەن، تا بەندكراوانی ئەو شارەش لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە ئازاد دەكرێن، حوسێن غازی سەرۆكی ئەنجوومەنی زانایانی عێراق لقی سامەڕا بە ماڵپەری ئەلئان نیوزی راگەیاند: لەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییەدا زانایانی ئاینی و كەسایەتییە رۆشنبیری و ئیدارییەكانی ئەو شارە بەشداری دەكەن و تێدا داوا لە حكوومەتی نوری مالیكی دەكەن، بەندكراوان ئازاد بكات و یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نەهێڵێت و ئەو مزگەوتانەش بگەڕێنێتەوە كە ئێستا داگیركراون. شایەنی باسە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا لە شاری فەلووجە خۆپێشاندان و ناڕەزایی مەدەنی كراو تێدا ئاڵای كوردستانیش لە لایەن دانیشتوانی ناوچەكەوە بەرزكرابۆوە.




