سوپای ئێران مانۆڕێكی گەورەی دەریایی لەگەرووی هورمز ئەنجام دەدات

ئێران – تایبەت بە / kdp.infoئەدمیراڵ حەبیبەڵڵا سەیاری سەركردەی هێزەكانی دەریایی ئێران رایگەیاند: بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو مانۆڕێكی دەریایی گەورە بكرێت، كە بەشێكی مانۆڕە سەبازییەكە لە گەرووی هورمز دەبێت، سەیاری گوتیشی: ئەم مانۆڕە بە مانۆڕی ویلایەتی 91 ناونراوە و لەرۆژی هەینی تا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت، مانۆڕەكەش رووبەری (1000000)كم چوار گۆشە دەگرێتەوە و گەرووی هورمزیش لەخۆ دەگرێت. سەركردەی هێزەكانی دەریایی ئێران بە ئاژانسی ئێرانای هەواڵی راگەیاند: لەم مانۆڕە دەریاییەدا سیستەمی مووشەكی و كەشتی جەنگی تێیدا تاقی دەكرێتەوە و نوێترین چەكی دەریایی تێدا بەكار دەهێنرێت . سەیاری تەئكیدیشی كردەوە: كە لەكاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕەكەدا رێز لە سنوورە دەریاییەكانی وڵاتانی دراوسێ دەگرین ئەوەشی خستەڕوو كە ئامانجی مانۆڕەكە بریتییە لە ئامادەباشی هێزەكانی دەریایی ئێران و بەدەرخستنی تواناكانییەتی.
شایەنی باسە بەپێی ئامارەكان، كۆی گشتی سەربازانی دەریایی ئێران دەگاتە 37 هەزار سەرباز.




