لە دوو پارێزگای رۆژهەڵاتی كوردستاندا 380 هەزار نەخوێندەوار هەیە

جێگری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەكبەر عەزیمی رایگەیاند كە بە پێ سەرژمێری ساڵی رابردوو لە سەرانسەری پارێزگای كوردستاندا 286 هەزار كەسی نەخوێندەوار هەیە كە تەمەنیان لە سەرەوەی 6 ساڵانە.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە كە رێژەی دانیشتوانی پارێزگای كوردستان یەك ملیۆن و 500 هەزار كەسە و لە نێو ئەم رێژەیەدا تەنیا 286 هەزار كەس نەخوێندەوارن و هۆكاری ئەم مەسەلەیەیش نەتەنیا تاكەكەسی بەڵكۆ كۆمەڵایەتییە و كاریگەریشی لە ژیانی هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە كردووە.
هەر لەم بارەیەوە جێگری بەرێوەبەری پەروەردەی پارێزگای كرمانشا لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا ئاماژەی بەوە كردووە كە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای كرمانشا یەك ملیۆن و 900 هەزار كەسە و لەم رێژەیەدا تەنیا 106 هەزار كەس نەخوێندەوارن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە پەروەردەی ئەم پارێزگایە بەرنامە و پلانی چڕ بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە بەردەستدایە و مەزەندە دەكرێت لە ماوەیەكی كۆرتدا هیچ نەخوێندەوارێك لەم پارێزگایەدا نەمێنێت.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە بە پێ ئامارێكی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لەو وڵاتەدا ژمارەی نەخوێندەوارەكان 9 ملیۆن و 719 هەزار كەسە و كوردستانی رۆژهەڵات بە هەر سێ پارێزگای خۆیەوە خاوەن نزیكەی 500 هەزار نەخوێندەوارە.
هاوكات ئێران یەكێكە لەو 138 وڵاتەی جیهان كە پەیمانی نەهێشتنی نەخوێندەواری مۆر كردووە و لە سەر ئاستی جیهانیش بۆ نەخوێندەواری لە پلەی 86دایە و لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش لە پلەی 11دایە.




