نایجیریا: بەهۆی هێرشێكی چەكداری بۆ سەر كلێسایەك 6 كەس كوژران

تایبەت بە / kdp.infoبەرپرسێك لەسوپای نایجیریا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند: لەئاكامی هێرشێكی چەكداری بۆ سەر كڵێسایەك كەلەلایەن گرووپی بۆكۆی حەرام رێكخرابوو، شەش كەس كوژران. لەمبارەیەوە گوتەبێژی سوپای نایجیریا ئیلی لازوارۆس رایگەیاند: بەهۆی هێرشێكی چەكداری بۆ سەر كڵێسایەكی كریستییانەكان لەگوندی جیری نزیك شارۆچكەی بوتیسكومی سەر بە هەرێمی یوبی شەش كەس كوژران. گوتەبێژی سوپا ئەوەشی راگەیاند: ئەو چەكدارانە لە ناوەڕاستی شەودا لەكاتی یادكردنەوەی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح پەلاماری ئەو كڵێسایەیان داوە و هێزەكانی سوپاش بەرپەرچی ئەو پەلامارەی گرووپی چەكدارەكانی بۆكۆی حەرامییان داوەتەوە و بەو هۆیەوەش شەش كەس كوژراون. شایەنی باسە گرووپی تووندرەوی ئیسلامی بۆكۆ حەرام تا ئێستا بەسەدان خەڵكییان لەسەر بیروڕای جیاوازی ئاینی لە باكووری نایجیریا كوشتووە.




