Kdp .info راپۆرتی كۆتایی لیژنەی بەدواداچوونی گرێبەستەكەی نێوان عێراق و روسیا بڵاودەكاتەوە

بەغدا- تایبەت بەkdp.info / ئەمڕۆ سێشەممەی لیژنەی بەدواداچوونی گرێبەستی كڕینی چەكی نێوان (عێراق- روسیا) كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا و راپۆرتی كۆتایی خۆیان بڵاوكردەوەو داوای لێكۆڵینەوە لە چەند بەرپرسێكی عێراقی دەكەن و بەپێی ئەو زانیاریانەی كەوتۆتە دەست(kdp.info) گرێبەستی كڕینی چەكی نێوان (عێراق – روسیا) بەشێوەیەكی سەرەتایی مۆركراوە.
شوان محمد تەها ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی تایبەت بۆkdp.info گوتی "لیژنەی بەدوا داچوونی گرێبەستی چەككڕینی (عێراق – روسیا) ئەمڕۆ لە دوای شەشەمین كۆبوونەوەی خۆیدا كارەكانی خۆی بە كۆتا هێنا كە سەرجەم ئەندامانی لیژنەكانی نەزاهەو ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەیی بوون و لیژنەكە لەئەنجامی كارەكانی گەیشتە ئەم ڕاستیانەی كە بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێدراوە ئەوانیش بریتین لە
1 - گرێبەستی چەككڕین لەنێوان هەردوو وڵاتی عێراق و روسیا بەشێوەیەكی سەرەتایی مۆركراوە بەپێچەوانەوەی لێدوانی هەموو ئەو كەسانەی كە دیانگوت ئەو گرێبەستە تاوەكو ئێستا واژوو نەكراوە.
2 -دانوساندن ل لەگەڵ كۆمپانیای سەرەكی روسی لە ژێر چاودێری دەزگای فیدراڵی ووڵاتی روسیا ئەنجامدراون.
-3 حكومەتی عێراقی هەوڵیداوە لەرێگەی بانكی بازرگانی عێراق بەڵێننامە دابین بكات بەبێ ئەوەی هیچ رەسیدێكی دارایی هەبێت.
-4گرێبەستەكە لەدانیشتنی یەكەم لەگەڵ دانیشتنی دووەم جیاوازیەكی زۆری تێدایە لەرووی داراییەوە بە رێژەی %30.
5- ئەوەی بەدی دەكرێت نرخی چەكەكان زێدەڕۆییەكی زۆری تێدا كراوە و ئەمە بەئاشكرا دیارە بەتایبەتی ئەو گرێبەستەكەی كە مۆركراوە بۆ كڕینی زیاتر لە 14 هەزار چەكی(قەناس).
6-ئەوەی شیاوی ئاماژە بۆكردنە چەند ناوێك لە گرێبەستەكەدا هاتووە كە ئەندامی لیژنەی دانووسانی (عێراقی- رووسی) نین و ناوەكانی بریتین لە( یوری) كە بەڕەگەز رووسیە ( علی فریاچ) بازرگانێكی لوبنانیە (جۆرج نادر) بازرگانێكی لوبنانیە (ماجد قەیسی) بازرگانێكی لوبنانیە
-7ئەو بڕە پارەی كە بۆ ئەو گرێبەستە ئاماژەی پێدراوە لەدەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری عێراقیە
8- لە بودجەی ساڵی 2012 ی عێراق و لەمیزانیە وەزارەتی بەرگری هیچ بڕێك پارە بۆ ئەو گرێبەستە تەرخان نەكراوە ئاخۆ حكومەتی عێراقی ئەو بڕە پارەیە چۆن دەسەبەر دەكات.
-9زیاتر لەچەند جارێك لیژنەی بەدواداچوون نوسراوی بۆ نوسینگەی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ناردووە بۆ ئەوەی رێگا بدرێت سەیری گرێبەستەكە بكەن بەڵام تاوەكو ئێستا ئاسانكاری بۆ ئەو مەبەستە نەكراوە هەروەها چەندین پرسیار لە شێوەی نامە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كراوە بۆ ئەوەی وەڵامی چەند پرسیارێك بداتەوە بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێك نەبووە. لەكۆتاییدا لیژنەی بەدواداچوون بڕیاریدا راپۆرتی ئامادەكراو رادەستی دەزگای نەزاهەو داواكاری گشتی بكات بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست و لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ناوانەی لەسەرەوە هاتوون و چەند ناوێكی تر بكات كە ئەوانیش بریتین( سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری عێراق بە وەكالەت، عەلی دەباغ وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراقی فیدراڵ، عزەت شابەندەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلیستی دەوڵەتی یاسا،(عزیز بەدری) راوێژكار لە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار.




