٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سلێمانی.. سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی (یەکێتی و پارتی) کرد

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی.. سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی (یەکێتی و پارتی) کرد

 سلێمانی - kdp.info/ ئە‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی به‌ یاوه‌ری شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌یشته‌ شاری سلێمانی و به‌ گه‌یشتنیان له‌ لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی و دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.  دواتر به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو . دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو.

 سەرەتا بەێزیان گوتی : ئەرکی ئەخلاقی و ئەرکی نشتیمانیمان وادەخوازێت وەکو جاران پابەندی  رێککەوتنی ستراتییژیی بین. سەرۆک بارزانی ناوەڕۆکی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەروو، لەمبارەوە گوتی:  ھاتنی ئێمە بۆلای برایانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ گەیاندنی پەیامی برایەتی و پێکەوە بوونەو پێش ھەمووشتێک دوعا دەکەین لای خوای گەورە شیفا بنێرێت بۆ جەنابی جەلال تاڵەبانی و بە خۆشی و سەلامەتی بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. ھاتنی ئێمە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە ئێمە لە گەڵتانین و ئامادەین لە مەودوایش لە ھەموو بابەتەکان لە گەڵتابین، بوونی جەلال تالەبانی نەک تەنیا بۆ یەکێتی گرنگە بەڵکو بۆ پارتیش گرنگە و بۆھەموو حیزبە کوردستانییەکان و گەلی کوردستان گرنگە، ئینشائەڵا بە خۆشی و سەلامەتیش دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، دواین ھەواڵەکانیش لە بارەی تەندروستی بەرێزیانەوە رۆژ بە رۆژ باری تەندروستی بەرەو باشی دەچێت. بەڵام دەشبێت ھەموو ئەگەرێک لە بەرچاو بگرین، چونکە نەخۆشییەکە جدییە هەر ئەوە نییە ئاسان بێت، ھەر چەندە سوپاس بۆ خوا پزیشکەکانی گەشبینن بەرامبەر باری تەندروستی سەرۆک تاڵەبانی.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: بۆ ئایندەی کوردستان یەکریزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  زۆر گرینگە هەروەها ھاوپەیمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئینجا ھی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستانیش زۆر گرینگە و ئێمە بەم یەکڕزییە دەتوانین درێژە پێدەری خەبات و تێکۆشان بین کە جەنابی جەلال تالەبانیش زۆر ماندوو بووە. ئێمە بەوە دەتوانین دەستکەوتەکانی خۆمان بپارێزین و دەستکەوتی تریش بە دەستبھێنین, جارێکی دیکە دوعا دەکەین خوای گەورە شیفای بەخێری جەنابی مام جەلال بنێرێت و بیگەڕێنێتەوە ناومان.

سەبارەت بە ھاتنەکەشی بۆ شاری سلێمانی، سەرۆک بارزانی گوتی: سەردانی ئێمە تەنیا بۆلای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە و بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بووە کە باسمان کرد، چونکە ئەمە کاتێکی ھەستیارە بۆ ئەوان و بۆ ئێمەش، بەم زووانە ولە داھاتووشدا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆدەبینەوە و پێش ئێستاش کۆبووینەتەوە.

لە کۆنگرەکەدا کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند:  ئێمە زۆر بە گەرمی بە خێرھاتنی جەنابی سەرۆک بارزانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ لای مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەلالەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە و پشتیوانی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. ئەمە ئیدامە دانە بەو پەیوەندییە ستراتیژییەی لە نێوانماندا ھەیە و ئەمەش لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال کە لە دواین کۆبوونەوەی لە گەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا تەئکیدی لە سەر ئەو برایەتییە کردەوە کە لە نێوان ئێمە و برایانی پارتیدا ھەیە و پێی راگەیاندووین بە ھەر شێوەیەک بێت دەبێت ئەو برایەتییە ھەر بمێنێت و سوپاسیان دەکەین کە لە یەکەم رۆژەوە سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە تەندروستی سەرۆک مام جەلال داوە.

لە پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی گوتی: ئێمە ھەمیشە لە گەڵ گفتوگۆ بووینە و ھیچ کاتیش دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و لەم چەند رۆژەی داھاتووشدا دانیشتنی دیکەی عەسکەری دەکرێت لە نێوان ھەردوولادا، بێگومان کشانەوەی پێشمەرگە پەیوەستە بە کشانەوەی سوپای عێراق، لەتوانادا نییە بەم ئەمری واقیعەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھەیە رازی بین. بە زۆر ھێزی سوپا بسەپێنرێت، بەڵام ئەو وردەکارییە جێدەھێلین بۆ ئەو لیژنانەی کە بڕیارە قسەی لە بارەوە بکەن.

هەروەها سەرۆک بارزانی رونیکردەوە: بەداخەوە نەخۆشی سەرۆک مام جەلال ھەندێک بەرنامەی راگرتووە ئێمە بەرنامەیەکی تێر و تەسەلمان ھەبوو کە جەنابی سەرۆک تاڵەبانی گەڕایەوە بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لە سەر گرفتەکان، دەبێت ئومێدەوار بین گرفتەکان چارەبکرێن،  بەڵام من بە چارەسەرکردنی گرفتەکان زۆر گەشبین نیم.

سەبارەت بە رێککەوتنی ستراتیژی پاش نەخۆشکەوتنی سەرۆک تاڵەبانی، سەرۆک بارزانی گوتی:  ئەرکی ئەخلاقی و ئەرکی نشتیمانیمان وامان لێدەکات و لە سەر ھەردوولا فەرز دەکات وەکو جاران پابەندی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییە بین.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار