عەلا مەکی بۆ kdp.info: ئەمڕۆ لیستی عێراقییە کۆدەبێتەوەو ھەڵوێستی خۆی رادەگەینێت

ئەندامێکی لستی عێراقییە دەڵێت، بەردەوامن لە ھەڵوێست وەرگرتن دژ بە دەستگیرکردنی پاسەوانەکانی رافع عیساوی و ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی دیکە سازدەکەن و ھەڵویستی تریان دەبێت، لەوانەش کشانەوە لەحکوومەت و پەرلەمان.
عەلا مەکی ئەندامی لیستی عێراقییە لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.infoڕایگەیاند: ماوەی چەند رۆژێکە خوپیشاندان لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا ئەنجامدەدرێت، لە پێناو چەند داواکاریەک لەوانەش ئازادکردنی پاسەوانەکانی رافع عیساوی و چارەسەرکردنی کێشەی تارق ھاشمی و ئەنجامدانی چاکسازی، بەڵام تاوەکو ئێستا حکوومەت ھیچ وەڵامێکی نەبووە.
عەلا مەکی گوتیشی، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو ھەلوێستی مەدەنیانەیان گرتۆتە بەر، بەڵام حکوومەت وەڵامیانی نەداوەتەوە، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ لیستی عێراقییە کۆبێتەوەو ھەڵوێستی تر رابگەینن، لەوانەش کشانەوە لەحکوومەت و پەرلەمان.
مەکی رونیشیکردوە، پەیوەندی تەلەفۆنی بەردەوام لەنێوان سەرۆکی لیستی عێراقییە و سەرکردایەتی کورد ھەیە و چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەزوترین کات ئەیاد عەلاوی سەرۆکی لیستی عێراقییە سەردانی کوردستان بکات بۆ گفتوکۆکردن لەبارەی ئەو کێشانەی لەم دواییە دروست بوونە.
لەچەند رۆژی رابردوو ھێزێک ھەلیکوتایە سەر نووسینگەو ماڵی وەزیری دارایی عێراق و سەرکردەی لیستی عێراقییە رافع عیساوی و ژمارەیەک پاسەوانیان دەستگیر کردو دواتر ژمارەیێکیان ئازاد کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا 10کەسیان ماون وئازاد نەکراون.
بڵند ئیبراھیم




