دەوڵەتی یاسا داوای دەركردنی باڵیۆزی توركیا لە عێراق دەدات

عێراق – تایبەت بە / kdp.infoوەك ناڕەزاییەك بۆ لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا داوای دەركردنی باڵیۆزی توركیای لە بەغدا كرد. یاسین مەجید سەركردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، رایگەیاند: لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی توركیا سەبارەت بەعێراق دەستێوەردانێكی ئاشكرای كاروباری نێوخۆی عێراقە و داواشی كرد كە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا دەربكرێت. مەجید لەدرێژەی لێدوانەكەیدا راشیگەیاند: دەپرسین بۆچی ئەردۆغان باسی رەوشی میسر و تونس و لیبیا ناكات كە رۆژانە خۆپیشاندان و پێكدادانیان تێدا روودەدات، یاسین مەجید روونیشكردەوە كە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناكەین تا بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا بكات، بەڵكو داوای دەركردنی دەكەین. یاسین مەجید سەركردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا هەروەها گوتی: ئەردۆغان دەیەوێت خۆی بكات بە والی سونەكانی عێراق و پێی وایە كە سونەكان گوتە بێژیان نییە. ئاماژەشی دا كە ئەو توندو تیژییەی كە ماوەی دوو ساڵە لە سوریا روودەدات، هۆكارەكەی دەستێوەردانی ئەردۆغان بووە و ئێستاش هەوڵ دەدات دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراقیش وەربدات.




